جه‌نگی ناوخۆیی سوودان كه له‌م چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا زۆر گه‌رمتر بووه، زیاتر له دوو ساڵ و نیوه ده‌ستی پێ كردووه و هیچ ئومێدێك بۆ كۆتایی ئه‌م جه‌نگه نییه. یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌وامیی جه‌نگی سوودان بۆ ده‌ستوه‌ردانی ژماره‌یه‌ك ئه‌كته‌ری ده‌ره‌كی له‌و جه‌نگه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به پاره و چه‌ك ئاگره‌كه‌ی خۆشتر ده‌كه‌ن.
بی بی سی بڵاوی كرده‌وه، به‌پێی دواین ئاماری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، له ئاكامی جه‌نگی ناوخۆیی سوودان 150 هه‌زار كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و سه‌رووی 12 ملیۆن كه‌س ئاواره بوون.
سوپا و گرووپه میلیشیاكانی ناسراو به ''هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا'' سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سنوور و به‌ربه‌سته نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی بۆ دابینكردنی چه‌ك هه‌یانه، كه‌چی توانیویانه پێداویستییه‌كانی جه‌نگیان دابین بكه‌ن.
به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان وایكردووه، جه‌نگی سوودان بگاته قۆناغێكی زۆر سه‌خت و ئاڵۆز و هه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه له سه‌قامگیری و ئاسایشی به‌شێكی ئه‌فریقا ده‌كات.
له‌م جه‌نگه‌دا تاوانی زۆر گه‌وره رووی داوه، له شاری فا‌ش پایته‌ختی ناوچه‌ی دارفۆری رۆژئاوا، هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا تاوانی گه‌وره‌یان كردووه و باس له كۆمه‌ڵكوژیی خه‌ڵك ده‌كرێت.
رۆڵی وڵاتان
یه‌كه‌م وڵات كه له نیسانی ساڵی 2023 و له ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه، جه‌نه‌راڵ عه‌بدولفه‌تاح بورهان فه‌رمانده‌ی سوپای سوودان سه‌ردانی كرد، میسر بوو و ئه‌وكات كۆمه‌ڵێك راپۆرت و ده‌نگی جیاواز له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی میسر له‌و جه‌نگه و پاڵپشتیی وڵاته‌كه له سوپای سوودان بڵاو كرایه‌وه.
جه‌نه‌راڵ محه‌مه‌د حه‌مدان رێبه‌ری هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا چه‌ندان جار میسری به پاڵپشتیكردنی سوپای سوودان تۆمه‌تبار كردووه.
نوێترین تۆمه‌ت دژی قاهیره له پێنجی ئه‌م مانگه راگه‌یه‌نرا. هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا گوتیان ئه‌و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانانه‌ی دارفۆریان كرده ئامانج، له میسره‌وه فڕیبوون، به‌ڵام میسر هه‌ر جۆره ده‌ستوه‌ردانێكی ره‌ت كردووه‌ته‌وه.
به رواڵه‌ت توركیا له‌م جه‌نگه‌دا بێلایه‌نه، به‌ڵام ده‌گوترێ ئه‌و وڵاته‌ش كۆمه‌ڵێك درۆنی خستووه‌ته خزمه‌تی سوپای سوودان، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكار بووه سوپای سوودان بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر خه‌رتوومدا بگرێت. ژماره‌یه‌ك میدیای توركیا ددانیان به‌وه ناوه كه حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان، یارمه‌تیی سوپای سوودانی داوه و ته‌نانه‌ت هانی حكوومه‌تیان داوه یارمه‌تییه‌كانی زیاتر بكات.
سوپای سوودان له رووسیا و ئێرانیش فڕۆكه‌ی جه‌نگی و درۆنی وه‌رگرتووه. له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوودا رێبه‌ری هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا، ئێرانی به پاڵپشتیكردنی سوپای سوودان تۆمه‌تبار كرد.
ساڵی رابردوو بلوومبێرگ بڵاوی كرده‌وه، ئێران و رووسیا له‌گه‌ڵ سوپای سوودان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی له كه‌نارئاوییه‌كانی ده‌ریای سوور گفتوگۆیان هه‌بووه.
ئێران تۆمه‌ته‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه، به‌ڵام له شوباتی ئه‌مساڵ رووسیا گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ سوپای سوودان واژوو كرد كه به‌گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كه، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌ریایی داده‌مه‌زرێنێت.
ئه‌ریتیریای دراوسێی سوودانیش، زۆر به ئاشكرا پاڵپشتی له سوپای سوودان كردووه و ته‌نانه‌ت راهێنانی به هێزه‌كانی سوپای سوودان كردووه.
هاوكات سعوودیه‌ش زیاتر مه‌یلی بۆ لای سوپای سوودان بووه، هه‌رچه‌نده خۆی هه‌ر جۆره ده‌ستوه‌ردانێكی ره‌ت كردووه‌ته‌وه.
پاڵپشتیكارانی هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا
ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی هه‌ر له ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه، چه‌ك و پێداویستی پزیشكی و كۆمه‌ڵێك شتومه‌كی تری پێشكه‌شی هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا كردووه.
ئه‌و وڵاته له رێگه‌ی چاده‌وه ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی، درۆن و چه‌كی قورسی ره‌وانه‌ی باشووری سوودان كردووه.
سوپای سوودان پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئیمارات، كینیا و چاد پچڕاندووه و ئه‌وانی به یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا تۆمه‌تبار كردووه. ئیمارات، چاد، كینیا، لیبیا و باشووری سوودان ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ره‌ت كردووه‌ته‌وه.
مانگی رابردوو پاكستان و سوپای سوودان، گرێبه‌ستێكی به‌رگرییان به به‌های 230 ملیۆن دۆلار واژوو كرد كه راهێنانی فڕۆكه‌وانان، دابینكردنی درۆن و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و كۆمه‌ڵێك پێداویستی تر له‌خۆ ده‌گرێت.
سوپای سوودان هه‌وڵی داوه له رێگه‌ی رووسیا، كازاخستان و ئۆزباكستان فڕۆكه‌ی جه‌نگیی سوخو دابین بكات.
له‌لایه‌كی تره‌وه هێزه‌كانی پشتیوانیی خێرا سوودی له درۆن و پێداویستی سه‌ربازیی چین بینیوه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێ ئه‌و چه‌كانه له رێگه‌ی ئیماراته‌وه دابین كرابن.
ئه‌مه‌ریكا له چه‌ند مانگی رابردوودا له رێگه‌ی میسر و ئیمارات و سعوودیه‌وه، هه‌وڵی داوه ئاگربه‌ستێكی سێ مانگی له نێوان دوو لایه‌ندا رابگه‌یه‌نێت و رێگه بۆ ئاشتی و كۆتاهێنان به جه‌نگ خۆش بكات.
سوپای سوودان داوای كردووه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیمارات له دانوستانه‌كاندا نه‌بێت و داوای قه‌ته‌ر و توركیای كردووه.
ژماره‌ی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌م جه‌نگه چ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و چ به نهێنی زۆرن، بۆیه‌ش دیار نییه ئاگری جه‌نگی سوودان كه‌ی ده‌كوژێته‌وه.