خانمە نووسەری دیاری كورد كازیوە ساڵح، كتێبێكی لەبارەی مێژووی جینۆسایدەكانی كورد بە ئینگلیزی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت: هێشتا جینۆسایدی تریش ماون كە باس نەكراون.
د. كازیوە ساڵح نووسەری بواری جینۆساید و یەكێك لە خانمە ئەكادیمیستە دیارەكانی كورد لە كەنەدا، لەبارەی نووسینی كتێبی "رێبەری پاڵگرەڤ بۆ جینۆسایدەكانی كورد"، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی 2003 نزیكەی هەشت مانگ دەبوو گەیشتبوومە كەنەدا، بە ئینگلیزییەكی خراپ نامەیەكم بۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی كەنەدا جان كریتیان نارد، داوام لێ كرد كە ددان بە جینۆسایدەكانی كورددا بنێت.
كازیوە گوتی، بەر لەوەی ئەو نامەیە بنێرم، چەندان رۆژ بە دوای كتێبێكدا گەڕام كە توانیبێتی بەشێوەیەك نوێنەرایەتیی مێژووی پڕ ئازاری كوردی كردبێت و ئەوەی خوێندیەوە، بەڕوونی مێژوو و دۆزی كورد لە هەموو پارچەكاندا تێبگات و بزانێت هەتا ئەوان نكۆڵی لە ددانپێدانانی جینۆساید بكەن، جینۆسایدیش بەردەوام دەبێت".
ئاماژە بەوەیش دەكات، "ئەوكات گووگڵ نەبوو بۆ ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بۆی بگەڕێیت، بۆیە بە پێ دەگەڕام و ئەوكاتیش هێشتا شارەزای ئەو شارە زەبەلاحەیش نەبووم، دەیان كتێبخانە گەڕام، بەڵام هیچ كتێبێكم دەست نەكەوت ئەو مەبەستە بپێكێت".
ئەو خانمە نووسەرە زیاتر باس لە هۆكارەكان و وردەكاریی نووسینی كتێبەكەی دەكات و دەڵێت، "ساڵی 2012 _ 2013 ئەوكات لە نەتەوە یەكگرتووەكان بووم، سەردانی ئەندام پەرلەمانی كەندی (جۆ دانێڵ)م كرد، بۆ ئەوەی هاوكاریی كوردانی قوربانیی بوومەلەرزەكەی باكوری كوردستان بكات.
"ئەم كتێبە بە ژماردنی ئەو جینۆسایدانەی رووبەڕووی ئێزیدییەكان كراونەتەوە، باسی 94 جینۆسایدی كردووە كە رووبەڕوویان كراوەتەوە. هێشتا جینۆسایدی تریش ماون كە باس نەكراون". د. كازیوە وای گوت.
كتێبەكە ناوی "رێبەری پاڵگرەڤ بۆ جینۆسایدەكانی كورد"ە و پێكهاتووە لە 601 لاپەڕە، لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتیی پاڵگرەڤ ماكمیلانەوە بڵاو كراوەتەوە.
بەپێی لێدوانی كازیوە ساڵح، "لە كتێبەكەدا نزیكەی 30 زانا، توێژەران و پزیشكانی پێشەنگ بەشدارییان كردووە. تێیدا بەدواداچوون بۆ رەهەندە مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، كولتووری و یاساییەكانی جینۆسایدەكانی سەر كورد كراون كە لە وڵاتانی توركیا، سووریا، ئێران، عێراق و یەكێتی سۆڤییەت بەرانبەر كورد كراون".