یەكێتی لە فێستیڤاڵی شكور خەیات سووكایەتی بە ڕۆشنبیران كرد و بۆ بانگەشە بەكاری هێنان

:: PM:01:50:01/11/2025 ‌
خانمە نووسەرێكی بەشداربووی فێستیڤاڵی ئەدەبی گەرمیان- كەركووك رای گەیاند، ئێمە بۆ فێستیڤاڵی ئەدەبی چووین و ئەو هەموو نووسەرەش بەناوی فێستیڤاڵەوە بانگ كرابوون، كەچی یەكێتی هەمووی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پێچایەوە، نووسەرێكیش دەڵێت:  هەر بەشداربوویەكی فێستیڤاڵەكە رەتی كردەوە بچێت بۆ بانگەشەی یەكێتی، لە هۆتێل دەریان كرد.

شەرمین وەلی كە مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین و شاعیر و نووسەرە و بەردەوام وەك چالاكێك بەشداریی فێستیڤاڵە ئەدەبییەكان دەكات، رای گەیاند، بۆ بەشداریی  فێستیڤاڵی ئەدەبیی گەرمیان- كەركووك "خولی سێی شكور خەیات" بانگێشت كراین.

شەرمین دەنووسێت: لە 28ی تشرینی یەكەمی 2025 دوای ئەوەی لە تاقی بەیانییەوە هەستام و خۆم ئامادە كرد و چووم بۆ لای هاوڕێیەكی ئەزیزم كە هاوسەفەرم بوو، لە سەعات حەوتی بەیانی لە هەولێرەوە بەڕێ كەوتین تا لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بچینە شاری كەركووك، بەمەبەستی بەشداریكردن و بە دەمەوەهاتنی بانگێشتنامەكەی فێستڤاڵی ئەدەبیی گەرمیان/ كەركووك.

شەرمین لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا دەڵێت: لەگەڵ گەیشتنمان بۆ كەركووكی كوردستان، نە ئینتەرنێتی كۆڕەك و نە فاستلینك كاری نەدەكرد و لە دنیای دابڕین، ئینجا نەشماندەتوانی تێل بكەین بە كۆڕەك بۆ هەڵسووڕێنەران و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەكە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان بۆ هۆتێلی ئامادەكراو بۆ میوانەكان كە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاتبوون، تووشی شۆك بووین.

شەرمین باسی ئەو شۆكە دەكات و گوتی، ئاخر بووە بچیتە شاری كەركووكی كوردستانیان و لە بێ كواڵیتیترین هۆتێل داتبەزێنن، بۆنی ناخۆشی ژووری هۆتێلەكە كاست بكات و بتخەنە شوێنێك بە خۆت بڵێی بەڕاست من ماڵم نەبوو تێیدا بخەوم؟

ئەو شاعیرە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی مایەی هەڵوەستە و سەرنجێكی زۆر بوو، بە بێ ویست و ئارەزووی خۆت لە جیاتی بچیت بۆ شوێنی فێستیڤاڵەكە بەمەبەستی بەشداری ڕۆشنبیری و ئەدەبی، بە پاسێك هەموو میوانان ئامادە بكەن و بڵێن دەچینە كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنێكی دیاریكراو، پاشان دەچین نان دەخۆین.

 "كڵاویان كردبووە سەر هەمووان،ئەگەر  بشتویستایە نەچیت، دەیانگوت ئەمڕۆ فێستیڤاڵ بەڕێوە ناچێت، لەبەرئەوەی كاك بافڵ تاڵەبانی لێرەیە و قسە دەكات ". شەرمین وەلی وا دەڵێت.

 ئەوەشی گوتووە، دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی خۆمان چووینە شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەكە چیمان دی،  ئاڵای حزبی و كاسكێت بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەكرا، سەرباری هەڵواسینی وێنەی ئەو كاندیدەی كە سپۆنسەری فێستیڤاڵەكە بوو، من و دوو هاوڕێم بە خێرایی بڕیارمان دا بەشدار نەبین و گەڕاینەوە بۆ شارەكانمان، وای لێ كردین جارێكی تر بە هیچ كڵۆجێك بەشداریی هیچ بۆنە و فێستیڤاڵێكی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان/ كەركووك نەكەین.

شەرمین وەلیی شاعیر دەڵێت: خۆشبەختانە من و چەند میوانێكی تری فێستیڤاڵەكە قبووڵمان نەكرد بەو چەشنە فێستیڤاڵەكە بۆ مەرامی حزبی بەكار بهێنرێ، هەڵوێستمان نواند و بەشدار نەبووین. من پرسیار دەكەم، بە ڕاستی ئەمە دانانی ڕێز و شكۆیە بۆ توێژی ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستانی نیشتمان؟

لە كۆتایدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، چۆن شەرم نایانگرێ خۆیان تووشی ئەم خەجاڵەتییە كرد و دڵی دەیان ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەرانیان ڕەنجاند و شاری كەركووكی كوردستانیان خستە ژێر پرسیارەوە؟ ئەرێ بەڕاست ئاوا كەركووك دەپارێزن و دەیخەنەوە سەر هەرێمی كوردستان؟ بە چ پێوەرێك خۆیان بە پارێزەری كەركووك دەزانن و شكۆ و كەرامەتیان دەپارێزن؟

هاوكات یەكێك لە هەڵسوڕێنەری چالاكییەكە و بەردەوام لە چالاكییەكانی شارەكەیدا دەوری هەیە رای گەیاند، لە هەمووی ناشرینتر ئەوەبوو ئەو كەسانەی بەشداریی هەڵمەتی یەكێتییان نەكرد، لە هۆتێل دەركران و شڕ و شاتاڵیان فڕێ درا، لەم فێستیڤاڵەدا بێڕێزییەكی زۆریان بە نووسەران و رۆشنبیران و بژاردەی كوردستان كرد.



وشە - سۆران عەزیز