لەبارەی رووداوێكی هاتوچۆ كە شەوی چواری ئەم مانگە رووی دابوو، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، شەوی چواری كانوونی یەكەمی 2025، ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر ڕووی دا و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.
پۆلیس دەڵێن، بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین، دوای ئەوەی لە ڕێكەوتی ئاماژەپێكراو لە بوونی ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی 40 مەتری لە بەردەم شوقەكانی (بولیڤارد) ئاگادار كراینەوە، دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.
دەركەوت كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا - پیك ئاب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (5427/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەكەی بەناوی (م.ٲ.م) مادەی كحولی بەكارهێنابوو و خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەكەی بە ناوی (ھەژان هیوا عومەر) لە بەردەم شوقەكاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو كارمەندی سكیوریتی كردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە، لە ئەنجامدا هەردوو كارمەندی سكیوریتی بە ناوەكانی (محەممەد سەردار موحسن) و (ئەحمد محەمەد شەریف) بە هۆی پێكدادانەكەوە گیان لەدەست دەدەن و زیانێكی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەكەوێت.
هەروەك پۆلیس روونی كردووەتەوە، بەپێی هێڵكاری كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیك ئاب) 100% كەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیك ئاب) بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی مادە 24 ی هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە