بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر گرتنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە گەنجێكیان ئەشكەنجە دابوو و ڤیدیۆكەشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردبووەوە.
پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە كە تێیدا گەنجێك لێی دەدرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، هێزەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هانای كێشەكەوە چوون.
هێزەكانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە بنكەی پۆلیسی دارەتوو دەستبەجێ لێكۆڵینەوەكانیان دەسپێكردووە و توانیویانە لە ماوەیەكی پێوانەییدا هەردوو تۆمەتبارەكە بگرن.
پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە رێكاری یاسایی بەرانبەر تۆمەتباران دەگیرێتەبەر.