پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان رای دەگەیەنێت، بەهۆی نەبارینی بارانەوە پەتایەكی قورس لەناو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە، داوا دەكات دایكان و باوكان منداڵانی خوار تەمەن یەك ساڵان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بپارێزن.
د. پشدەر عەبدوڵا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان رای گەیاند، پەتایەكی زۆر قورس بڵاو بووەتەوە بەتایبەت لەناو منداڵاندا، نیشانەكانی هەر لە تای بەرز و كۆكە و خیزە و سەرئێشە و هەندێك جار چاوئێشە و سكچوون و رشانەوەیە، بەڵام بەشی هەرە زۆریان ڤایرۆسییە.
باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەوەی بارانبارین دواكەوتووە و ئاوهەواش وشك و ساردە، ژینگەیەكی لەباری بۆ ڤایرۆسەكان دروست كردووە كە بەخێرایی گەشە بكەن و بڵاو ببنەوە، هەروەها سیستمی بەرگریی لووتیش لە ئاوهەوای وشك و سارددا بۆ كەمتر لە نیوە دادەبەزێت، مرۆڤ بە ئاسانی تووش دەبێت، لەبەرئەوەی دەرگای خوێندنگەكان كراونەتەوە و خوێندن دەستی پێ كردووەتەوە، بەریەككەوتن زۆرە و زۆر بە ئاسانی دەگوازرێتەوە، چاوەڕوانكراوە تا بارانبارین، ئەو پەتا توندە بەردەوام بێت.
داوایشی كرد، بەبێ پرس و راوێژی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، بەتایبەت دەرمانی دژە بەكتریا مەدەن بە منداڵەكانتان، چونكە نەك سوودی لێ نابینێت، بەڵكو ماكی زۆر و زیانی تەندروستیشی هەیە، ئەو دایك و باوكانەی منداڵی خوار تەمەن یەك ساڵانیان هەیە یان منداڵەكانیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە تووشبوون بەم پەتایە بیانپارێزن، چونكە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.