سێو و پرتەقاڵ دوو میوەن كە لە دنیادا زۆرترین بایەخ بە خواردنیان دەدرێت بەوەی بۆ تەندروستی زۆر سوودمەندن. بەشی تەندروستیی پێگەیەكی عەرەبی، لەوبارەیەوە باس لە سوودی هەردوو میوەكە دەكات و بەراوردی سوودمەندییان لە یەكتر دەخاتەڕوو. ئەوە لە كاتێكدایە هەمان پێگە هەردوو میوەی بە زۆرباش بۆ تەندروستی ناو بردووە.
بەشی تەندروستیی پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 12ی تشرینی دووەم، لەبارەی سوودەكانی سێو و پرتەقاڵی بڵاو كردووەتەوە و بەراوردی هەردوو میوەكەی لەبارەی سوودمەندییان خستووەتەوەڕوو، لە كاتێكدا هەردوو میوەكەی بە باشترین میوە لەڕووی تەندروستییەوە ناو بردووە كە لە دنیادا بایەخی زۆر بە خواردنیان دەدرێت.
پێگەكە باس لەوە دەكات كە ئەو ریشاڵەی لە سێودا هەیە، زۆر زیاترە لە ریشاڵی پرتەقاڵ، بۆ نموونە لە سێوێكی مامناوەندیدا، بڕی 4,4 گرام ریشاڵ و دژە ئۆكسیدی تێدایە، لە كاتێكدا لە پرتەقاڵێكدا 2,8 گرام ریشاڵ و دژە ئۆكسید لە خۆ دەگرێت، بۆیە ریشاڵ و دژە ئۆكسیدی سێو بۆ تەندروستیی دڵ و ئەركی گەدە و هەرس، زۆر لە پرتەقاڵ سەرووترە.
وێڕای ئەوەی پرتەقاڵ شیرینیی سروشتیی زۆرە، بەڵام شیرینییەكەی لە سێو كەمترە، ئەوەیش بژاردەیەكی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ كەمتر شەكر و كاربۆهیدرایت وەربگرن. لە پرتەقاڵێكدا 12 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت، لە كاتێكدا لە سێوێك 19 گرام شەكر هەیە.
هەروەها لە سێودا هەندێك سەرچاوەی خۆراكی كەمترە لە پرتەقاڵ، لە هەموو گرنگتر ڤیتامین "كەی" كە بۆ تەندروستیی ئێسك زۆر بەسوودە. هەروەها لە سێودا مەنگەنیز هەندێك بەرزترە وەك لە پرتەقاڵ، ئەوەیش مادەیەكە بۆ ئەركی بەرگریی جەستە و خەستبوونی خوێن زۆر بەسوودە. هەروەها ڤیتامینی "سی" لە پرتەقاڵدا زیاترە وەك لە سێو.
دواتریش باس لەوە دەكرێ كە سێو بە دژە ئۆكسیدی كیرسیتین دەوڵەمەندە، بۆ هەر سێوێك چوار گرام لەو دژە ئۆكسیدە لەخۆ دەگرێت، ئەوەیش كاریگەریی زۆری هەیە لە كەمكردنەوەی هەوكردن، هاوكات پارێزگاری لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەكات. بەڵام ئەوە لە پرتەقاڵدا نییە یان زۆر كەمترە.