ئەو خۆراكانە تووشی دەردە شاهانەت دەكەن

:: PM:09:02:06/12/2025 ‌

دەردە شاهانە یان نەقرەس، نەخۆشییەكی میتابۆلیسمییە و هێرش دەكاتە سەر جومگەكان، هۆكارەكەی بەرزیی ترشی یۆریكە لە خوێن، كە زیاتر بەهۆی خواردنی ناتەندروستەوە دروست دەبێت، وەك خۆراكەكانی دەوڵەمەند بە گۆشت و شەكر، بۆیە بۆ رێگرتن لە تووشبوونی یان كۆنترۆڵكردنی پێویستە سیستمی خۆراك رێك بخرێت.

ئەو ترشە یۆریكەی لە خۆراك بە رێژەیەكی زۆر دروست دەبێت، لەناو خوێن دەبێتە شێوەیەكی بلووری رەق و لەناو جومگەكان دەنیشێت، كاردانەوەی هەوكردن و ئازار دروست دەكات، خۆی لە كاتی ئاساییدا لەش یۆریك ئەسید لە رێگەی گورچیلە دەكاتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر بە رێژەیەكی زۆر لە لەش كەڵەكە ببێت، بەهۆی زۆر خواردنی هەندێك خۆراك یان شیبوونەوەی خانەكانەوە، قورسایی دەخاتە سەر گورچیلە و بە تەواوەتی فڕێ نادرێت.

ترشی یۆریك لە دوو سەرچاوە دێت، شیبوونەوەی خانەكانی لەش و خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە بیۆرینات وەك، جگەر و گورچیلەی ئاژەڵ، گۆشتی سوور، ماسی و خواردنی دەریایی، پێستی ماسی و مریشك، بەرهەمەكانی خەمیرە، وەك بیرە، بیرە تەنیا بیۆریناتی تیادا نییە، بەڵكو كحولیشی تیادایە، كە رێگری لە كردنەدەرەوەی یۆریك ئەسید لە رێگەی گورچیلە دەكات و بەرهەمهێنانی ترشەكە زیاتر دەكات و بەو شێوەیە مەترسیی بەبلووربوون و بوونی بە هۆكار بۆ نەقرەس زیاتر دەكات. 

هەروەها ئەو خوارنەوانەی فرەكتۆزیان تیادایە، واتە شەكری میوە، وەك شەربەت خواردنەوەی غازی، كاتێك فرەكتۆز بەرهەمهێنانی ترشی یۆریك لە لەش زیاد دەكات، ناراستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی بلوور، بۆیە پێوەندییەكی روون لە نێوان خواردنی زۆری فرەكتۆز و نەقرەس هەیە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەقرەس، پێویستە سیستمی خۆراك رێك بخرێت و لە خۆراكی دەوڵەمەند بە بیۆرینات و فرەكتۆز دوور بكەوینەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل