نەخۆشانی شەكرە شۆفان بخۆن

:: PM:09:24:24/05/2026 ‌

لە سایەی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە جۆرەكانی نەخۆشی شەكرە لە دنیا، توێژەر و شارەزایانی تەندروستی و خۆراك بەدوای سیستمێكی خۆراكی گونحاو دەگەڕێن یارمەتی نەخۆشانی شەكرە بدات بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییەكانی و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە و ئاستی شەكرە لە خوێن، چەند توێژینەوەیەك باسی گرنگیی شۆفان دەكەن بۆ نەخۆشانی شەكرە.

توێژەران ئاماژە دەكەن كە شۆفان رۆڵی گرنگی لە باشكردنی وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئەنسۆلین و كەمكردنەوەی بەرزبوونەوەی شەكری خوێن لە دوای ژەمەكان هەیە، شۆفان ریشاڵەكانی بێتا گلوكانی تیادایە كە دەتوێتەوە و لەناو كۆئەندامی هەرس بۆ مادەیەكی نیوچە شڵ دەگۆڕێت و مژینی گلوكۆز خاو دەكاتەوە، بەوەش بەرزبوونی كتوپڕ و خێرای ئاستی شەكر لە خوێن لە دوای ژەمی خۆراك كەم دەكاتەوە، بۆیە شۆفان خۆراكێكی گونجاوە بۆ نەخۆشانی جۆری دووەمی شەكرە.

جیا لەوە ریشاڵەكانی بێتا گلۆكان وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئەنسۆلین باشتر دەكەن، بەوەش یارمەتی رێكخستنی ئاستی شەكر دەدات و بەرگری بۆ ئەنسۆلین كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بە رێكوپێكی بخورێت، لە پاڵ ئەوە خۆی وەك دانەوێڵە نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەكری خوێن، لەوەش زیاتر بارمەتی كەمبوونەوەی كۆلیسترۆلی زیانبەخش دەدات، بەوەش یارمەتی نەخۆشانی شەكرە دەدات بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشییەكانی دڵ نەبن، هەستی تێربوون دروست دەكات و یارمەتی كۆنترۆڵكردنی كێش و كەمكردنەوەی و دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و فاست فوود دەدات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل