پەكەكە كوردانی ڕۆژئاوا دەربەدەر دەكات

:: PM:03:47:14/01/2022 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سوریا رای دەگەیەنێت، دۆخی رۆژئاوای كوردستان زۆر خراپە و نائارام و ناسەقامگیرە، چونكە پەكەكە چۆن لە قەندیل و شەنگال دژایەتی كورد دەكات بەهەمان شێوە لە رۆژئاواش هەمان كار دەكات.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی كانوونی دووەم، كاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سوریا، بە "وشە"ی راگەیاند، لە مێژووی رۆژئاوای كوردستان وەك ئەمڕۆ دۆخی ناوچەكە خراپ نەبووە، رەوشەكە ئەوەندە خراپ بووە، ئەگەر سنوورەكان بكرێنەوە هەرچی كورد هەیە هەڵدێت، دۆخێكی نائارام و نا سەقامگیری هەیە لە رۆژئاوا، خەڵك بێزاربووە.

زیاتر گوتی، لە شەنگال و قەندیل دۆخەكە بەچی گەیشتووە لە رۆژئاواش بە هەمان شێوە، ئەوانەی سیاسەتی ناوچەكە دەكەن بەتایبەت پەكەكە كاریان ئەوەیە كورد لە شوێنی خۆی نەمێنێت و هەڵبێت و ئەوانەی لەوێ بمێنن وەك كەسی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و بەكاری دەهێنن.

باسی لەوەش كرد، ئەمانە دەستی دوژمنیان لە پشتە و كار بۆ دوژمنان دەكەن، بە هاوكاری دوژمنان بەرانبەر كورد هەرچییان پێ بكرێت دەیكەن، ئامانجیان ئەوەیە لە بەرانبەر كورد و دژایەتیكردنی كورد خزمەت بە داگیركەر و بێگانە بكەن، پەیەدە دەسەڵاتی هەیە لەناوچەكە و سامان و ئیدارەی ناوچەكەی لە دەستە، دامودەزگای ئەمنی خۆی هەیە، خیلاف هەیە لە نێوان پەكەكە و پەیەدە.

بەهۆی ئەو ئاژەوەیەی پەكەكە لە ڕۆژئاوایی كوردستان دروستی كردووە، ئێستە تەواوی سنوورەكان بەسەر كورد داخراون و هاووڵاتییان لە دۆخێكی خراپ دەژین.


وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد