كه‌مێك پێش ئێسته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی سبه‌ی بۆ قوتابیانی سنووری ئه‌و پارێزگایه ڕاگه‌یاند.
له ڕاگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر هاتووه، "سبه‌ى شەموو 15كانوونى دووه‌م، تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرزی یەکەمی گشت قۆناغەکانی خوێندن بە (پەروەردەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران)یشەوە، لە سه‌عات 9:30 خولەکی بەیانیان ئەنجام دەدرێت لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ئەو قوتابخانانەیشی بەچەند قۆناغێك تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان ئەنجام دەدەن پابەند دەبن بەوەی بەگوێرەی کە ماوەی ئەو سه‌عاتەی کە لە 8:30 گۆڕدراوە بۆ 9:30 ئەوانیش سه‌عاتێک لەکاتی تاقیکردنەوەکانیان دەگۆڕدرێت لە هەمان ڕۆژ و ڕێکكەوتی ئاماژە پێکراو."
ئاماژه كراوه، "لەحاڵەتی ڕوودانی لافاو یان گرفتی هاتوچۆی ڕێگاوبانەکان بەهۆی کەشوهەواوە، داوا لە بەخێوکارانی قوتابیان دەکەین کە پێویست ناکات منداڵەکانتان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە بە دڵنیایی لەکاتی گونجاو قەرەبوو دەکرێنەوە و هیچ جۆرە دڵەراوکێ و نیگەرانییەکتان لەوبارەیەوە نەبێت."
ئه‌مه له‌كاتێكدایه دوێنێ پێنجشه‌م 13ى كانوونى دووه‌م، به‌هه‌مان شێوه‌ى ئێسته بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر بۆ سه‌لامه‌تى قوتابیان ڕاگه‌یاندراوى بڵاو كرده‌وه و ده‌وامى فه‌رمى وه‌ستاند له‌ناوه‌نده‌كانى خوێندن، به‌ڵام زۆربه‌ى قوتابخانه‌كانى داره‌توو و بنه‌سڵاوه پابه‌ندى ڕێنماییه‌كان نه‌بوون، دواتر بڕیاردرا هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌كانى ئه‌و ڕۆژه له‌و شاره‌دێى و شارۆكه‌یه‌ى ده‌شتى هه‌ولێر هه‌ژمار نه‌كرێت.