هەولێر لە شەوێكدا 12 مووشەكی بۆ هات.. خۆی نەچەماند

:: AM:08:44:13/03/2022 ‌
سەعات 1:03 خولەكی شەوی رابردوو، جارێكی تر هەولێر كرایەوە ئامانج و 12 موشەك ئاراستەی پایتەختی هەرێمی كوردستان كرا، كە جیا لە دامەزراوەیەكی میدیای هاوكات زیانی بە چەند گەڕەكێكی شارەكە گەیاندووە و ترس و دڵەراوكێی لەناو هاووڵاتییان بڵاو كردووەتەوە.

هێرشكردنە سەر شاری هەولێر بەمووشەك رووداوێكی نوێ‌ نییە، بەڵكو لە ساڵی رابردوو زیاتر لە چەند جارێك بە مووشەك هێرشكراوەتە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و نوێنەرایەتی و كونسوڵگەرییەكانی وڵاتان لە هەولێر، بەڵام هیچكام لە موشكەكان ئامانجی خۆیان ناپێكن.

12 مووشەك بۆ هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، 12 مووشەكی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەكانی دەرەوەی عێراق لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی كۆنسولخانەی ئەمەریكی لە هەولێر كران و ناوچە سڤیل نشینەكانی نزیك بارەگای كەناڵی كوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەكە كەوتن، دەرئەنجام زەرەر وزیانی مادی بەر باڵەخانە و خانووەكانی ئەو ناوچەیە كەوتووە و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەك بە سووكی بریندار بووە.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێكۆلینەوەكان  كردووە و دواتر ڕای گشتی لە ئەنجامەكان ئاگادار دەكەنەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستا، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەولێر ئارامە و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە.

رووداوەكە راستەوخۆ بەرپرسانی سیاسیی عێراقی هێنایە سەر هێڵ، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمییەوە پێگەیشت.

لەو پێوەندییەدا، مستەفا كازمی وێڕای ئیدانكردنی ئەو پەلامارە مووشەكییەی كرایە سەر هەولێری پایتەخت، پشتیوانی خۆی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

هەولێر خۆی بۆ ترسنۆكان ناچەمێنێت
هاوكات مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان جارێكی تر خۆراگری خەڵكی كوردستانی دووپات كردەوە و لە پەیامێكدا گوتی، هەولێر خۆی بۆ ترسنۆكان ناچەمێنێت، ئەو هێرشە تیرۆریستیەی كرایە سەر چەند شوێنەكی هەولێر بە توندی شەرمەزار دەكەم، و داوا لە خەڵكی قارەمان و خوڕاگری هەولێر دەكەم ئارام بگرن و رێنمایی دەزگا ئەمنییەكان جێبەجێ بكەن. سوپاسی خوراگریتان دەكەم".

هەرچەندە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی دەزگا تەناهییەكان ئاشكرابووە كە موشەكەكان لە دەرەوەی عێراق ئاراستەی هەولێر كرابن و لە رۆژهەڵاتەوە هاتن، بۆیە گومان دەكرێ‌ ئەو مووشەكبارانە راستەوخۆ پێوەندی بە دۆخی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و لێكتر نزیكبوونەوەی لایەنە شیعەكان هەبێت، كە كورد رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت.

سەدر سڵاوێكی گەرمی نارد 
موقتەدا سەرد رێبەری رەوتی سەدر پەیامێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوە و رای گەیاند، هەولێر هەرگیز چۆك دانادات مەگەر بۆ میانڕەوی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت، لە منەوە سڵاوی ئاشتی و خۆشەویستی بۆ هەولێر و هەموو كورد، ئارام بگرن.

موقتەدا سەدر، لە تویتێكدا رای گەیاند: "هەولێر لەژێر نیشانەی ئاگری دۆراو و شەرمەزارەكان دایە، لەژێر برسیكردن دایە ئەوان سییەكانی عێراقن، وەك ئەوەی كورد عێراقی نەبن. ئەوان سییەكانی عێراقن و لە ئێمە جیانابنەوە".

سەدر نووسیویەتی: "هەولێر هەرگیز چۆك دانادات مەگەر بۆ میانڕەوی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت. لە منەوە سڵاوی ئاشتی و خۆشەویستی بۆ هەولێر و هەموو كورد، ئارام بگرن تا حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێكدەهێنرێت".

سەقامگیری هەولێر لەماوەی رابردوو تای زۆری لای دوژمنانی دروست كردووە، هەر ئەوەیش هۆكار بووە كە بەردەوام بیر لە تێكدانی كوردستان بكەنەوە و بۆ هەر پرۆسەیەكی سیاسیی بیخەنە ژێر گوشاری زۆری سیاسیی و ئەمنی و دارایی، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی دەڵێ‌، هەرگیز خۆناچەمێنن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم