سەدر قەوماندی

:: PM:10:04:11/07/2022 ‌
كەسایەتییەكی نزیكی موقتەدا سەدر داوا لە لایەنگرانی دەكات هەینی داهاتوو، بە جلی كفنەوە بچن بۆ نوێژ و هیچ كەسێكیش چەك هەڵنەگرێ‌.

ئەمرشۆ دووشەم 11ـی تەمووز، ساڵح عێراقی كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر، لە پەیامێكدا ژمارەیەك رێنوێنیی بۆ لایەنگرانی رەوتەكەی بڵاوكردوەتەوە و لە  بەشێكی رێنوێنییەكان دا باس لەوەكراوە، لە نوێژی هەینی دا زۆر داوای لێخۆشبوون بكەن و وەك ئاماژەیەكی مەرجەعەكەشتان بە جلوبەرگی كفنەوە بەشداری بكەن، هەروەها نابێت جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەكی دیكە بەرزبكرێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، دروشمی گردبوونەوەكە لەلایەن لیژنەی باڵاوە دیاریكراوە و لایەنگران دەبێت پابەندی دروشمەكان بن، هەروەها بەرزكردنەوەی وێنەی محەمەد محەمەد سادق سەدر پێش نوێژی هەینی رێگەپێدراو دەبێت، بەستنی دەمامكیش رێكاری ناچارییە بۆ هەمووان.

پێشبینی كراوە لایەنگرانی سەدر گردبوونەوەیەكی ملیۆنی لە 15 تەمووز ساز بكات، هیچ كەسێكیش نابێت چەك لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت.

سەدر كشانەوەی خۆی لە پڕۆسەی سیاسی راگەیاندووە، سەرجەم پەرلەمانتارانیشی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە لە ئێستە تەنیا چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەگەرێكی كەمی پێكهێنانی حكوومەتی بەدەستەوەیە.



وشە - رامیار جەواد