به‌رپرسانی ته‌نزانیا ئه‌مڕۆ رایان گه‌یاندووه، تیمێكی پزیشكیی زۆر تایبه‌تیان بۆ باشووری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه ناردووه، تا لێكۆڵینه‌وه له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌ك بكه‌ن كه تا ئێسته سێ كه‌سی كوشتووه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه تا ئێسته دیار نییه و ناشزانرێ نه‌خۆشییه‌كه چییه.
پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 14ی ته‌مووز بڵاوی كردووه‌ته‌وه، تیمێكی پزیشكیی ته‌نزانی كه وڵاتێكی ئه‌فریقایه، ئێسته له باشووری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كی نادیار، ئه‌و نه‌خۆشییه تا ئێسته سێ كه‌س به‌هۆیه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه، ژماره‌یه‌كی تریش تووشی بوون.
ئه‌یڤیلۆ سیشالۆی كه به‌رپرسی پزیشكانه له وڵاته‌كه و له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتوویه‌تی، نه‌خۆشییه‌كی نادیار له وڵاته‌كه‌مان بڵاو بووه‌ته‌وه كه به‌هۆیه‌وه كه‌سی تووشبوو، تووشی خوێنبه‌ربوون له گوێ و سه‌رئێشه و تا ده‌بێت، نه‌خۆشییه‌كه تا ئێسته له ناوچه‌ی لیندی بڵاو بووه‌ته‌وه، هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ده‌ده‌ین.
حكوومه‌ت تیمێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ناردووه
ئه‌وه‌شی گوتووه كه ئێسته حكوومه‌ت تیمێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ناردووه، داوا له هاووڵاتییانیش ده‌كه‌ین به‌و نه‌خۆشییه تووشی شۆك نه‌بن و نه‌ترسن، چونكه به رژدی له هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنیداین.
ئه‌وه‌شی گوت كه تا ئێسته 13 كه‌س تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه بوون و سێ له‌وانیش گیانیان له ده‌ست داوه، جۆری نه‌خۆشییه‌كه نه ئیبۆلایه و نه كۆرۆنا و نه ڤایرۆسی ماربۆرگ، بۆ ئه‌وه‌یش لێكۆڵینه‌وه‌ی رژد ده‌كه‌ین.
هه‌فته‌ی رابردوو وڵاتی گانا رای گه‌یاندبوو، دوو كه‌س له هاووڵاتییانی تووشی ڤایرۆسی ماربۆرگ بوون كه ڤایرۆسێكی كوشنده‌یه وه‌ك ئیبۆلا. هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌ش گیانیان له ده‌ست داوه.