پێغەمبەرێك لە عێراق دەركەوت

:: AM:10:10:15/07/2022 ‌
لە پارێزگای زیقار كەسێك وەكو پێغەمبەر خۆی دەناسێنێت و ئەمڕۆ لەسەر پردێك چاوەڕوانی عێراقییەكان تا بچنە سەردانی وتارێك پێشكەش دەكات.

ئەمڕۆ هەینی 14ـی تەمووز، سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە، ئێوارەی دوێنێ‌ لە شارەدێی شیوخی سەر بە پارێزگای زیقار هەواڵی دەركەوتنی كەسێكی بڵاوكردەوە كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات.

ئەو سەرچاوەیە رای گەیاندووە، كەسێك لە كاتی نوێژی نیوەڕۆدا چووەتە یەكێك لە مزگەوتەكان و ئیمامی مزگەوتەكەی ئاگادار كردۆتەوە كە دەیەوێت وتارێك پێشكەش بە نوێژخوێنان بكات، لەكاتی پرسینی هۆكاری وتارەكەی دەركەوتووە كە پێغەمبەرێكە كە نێردراوە و دەیەوێت بانگەواز و پەیامەكەی بۆ هاووڵاتییان بڵاو بكاتەوە.

باس لەوەش كراوە، ئیمامی مزگەوتەكە دەری كردووە، و ئاگاداری كردووەتەوە كە جارێكی دیكە لە سەردانی مزگەوتەكەی نەكات، لەكاتی دەركردنەكەی ئەو كەسە بە دەنگی بەرز ئامادەبووانی ئاگاداركردووەتەوە كە سبەینێ هەینی لە نیوەڕۆ پەیامەكەی ڕادەگەیەنێت لە پردی سابیان.

دواتر بنەماڵەی ئەو كەسە داوایان كردووە وێنەی كوڕەكەیان نەگیرێت لەكاتی بانگەش بۆ پێغەمبەرایەتی، چونكە كوڕەكەیان تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.



وشە - رامیار جەواد