كتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان بڵاو كرایەوە

:: PM:12:34:17/07/2022 ‌
كتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان لە دووتوێی 552 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوكرایەوە كە لەلایەن د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش ئامادە كراوە. 

لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكە، رۆستەم خامۆش، بۆ "وشە" گوتی، كتێبەكە هەموو بوارەكانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، "شیعر، چیرۆكی منداڵان، شانۆنامە و شانۆگەریی، نیگاركێشان، كاریكاتێر، گۆرانی و موزیك" و چەندان بواری تر.

كتێبەكە 36 دیمانەی لە خۆگرتووە
روونیشی كردووەتەوە كە لە پێشەكی و ناساندنی كتێبەكە و لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەمی  پێكهاتووە لە 16 تەوەر، بەشی دووەمی كتێبەكە 36 دیمانەی لە خۆگرتووە، ئەم بەشە زۆربەی بوارەكانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە و زۆربەی بابەتەكانی لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵانە.

ئامادەكاری كتێبەكە باسی لەوەیش كرد كە  90 كەسی شارەزا و شاعیر و نووسەر بەشدارییان لەم كتێبەدا كردووە، كە  111 لێدوان و چاوپێكەوتن لەم كتێبەدا بڵاو كراوەتەوە. 

تەوەری یەكەمی كتێبەكە تایبەتە بە ڕۆڵی فۆلكلۆر لە ئەدەبی منداڵاندا و تەوەری دووەم لەبارەی ئەدەبی منداڵانە كە چەندان نووسەر قسەیان لەسەر كردووە، هاوكات 
لەبارەی  شیعری منداڵان و چیرۆكی منداڵانیش قسەی كردووە.

جگە لەوانە كتێبەكە لەبارەی شیعر و چیرۆك و ڕۆمانی مێرمنداڵان و دەقی شانۆ و شانۆی منداڵان و نووسین بۆ منداڵانی باخچەی لە خۆی گرتووە.

تەوەرێكی تایبەتی كتێبەكەیش كراوە بە بابەتی نیگاركێشانی منداڵان، كە حەمە هاشم شێوەكاری كورد قسەی لەسەر كردووە. بەگشتیی كتێبەكە 16 تەوەر لە خۆی دەگرێ‌، جگە لە چەندان چاوپێكەوتن.





وشە - وشه‌