نەیمار جونیۆر ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان و هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل، چەند مانگێك پێش یارییەکانی مۆندیالی 2022، رووبەڕووی قەیرانێکی گه‌وره ده‌بێته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكردن و دوورخستنه‌وه‌ی له یاریگه‌كانیش هه‌یه.
رۆژنامەی "ئێل پایس"ـی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، نەیمار لە ماوەی 17 بۆ 31ی تشرینی یەکەمی داهاتوو لە بارسێلۆنا دادگایی دەکرێت، ئه‌مه‌ش بە هۆی ناڕێکی و گومان له گەندەڵی لە بابه‌تی گواستنەوەی بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا لە هاوینی 2013.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، دادگاییكردنەكە باوكی نەیمار، ساندرۆ رۆسێل و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكه‌كانی پێشووی یانەی بارسا، هه‌روه‌ها بەرپرسێكی پێشووی یانەی سانتۆسیی به‌رازیلییش لەخۆدەگرێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە: "داواكاری گشتی داوای سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ نه‌یمار و پێبژاردنی 10 ملیۆن یۆرۆ دەكات، جگە لە پێبژاردنێكی تر بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا به بڕی 8 ملیۆن و 400 هەزار یۆرۆ".
ئیل پایس روونی كردەوە، ئەم دادگاییكردنە 7 ساڵ دوای سكاڵای كۆمپانیایەكی بەرازیلی دێت، كە تایبەتە بە بازاڕكاری تۆپی پێ، كە خۆی بە زیانمه‌ند دەزانێت بەهۆی گرێبەستكردن لەگەڵ نەیمار لە لایەن بارسێلۆناوه، چونكە خاوەنی 40%ی مافی ئەو یاریزانە بووە كاتێك یاریی بۆ یانەی سانتۆس ده‌كرد.
بەرپرسانی کۆمپانیا بەرازیلییەکە پێیان وایە، ئەوان قوربانیی فێڵێک بوون کە لەلایەن یاریزانەکە و کەسوکارەکەی و یانه‌ی بارساوه كراوە، داوای قه‌ره‌بووی زیاتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ دەکەن.
له ناوه‌ڕۆكی دۆسیەکەدا هاتووه، نەیمار دوو گرێبەستی لەگەڵ بارسا کردووە، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایه‌ی فه‌رامۆش كردووه، كه خاوەنی مافی بازاڕکردنی ئه‌وه.
بۆیه كۆمپانیاكه داوا دەکات زۆرترین سزای ئەستێرەكه‌ی پاریس سانجێرمان بدرێت، كه زیندانیكردنی یاریزانه‌كه‌یه بۆ 5 ساڵ و هه‌روه‌ها 5 ساڵیش له یاریكردن سڕ بكرێت.
لە ساڵی 2016 یانە کەتەلۆنییەکە بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆی داوە بە باجی ئیسپانیا لەسەر ئەم گرێبەستە و ساندرۆ رۆسێلی سه‌رۆكی پێشووتری یانه‌كه‌ش لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک لە دژی بارتۆمیۆی سەرۆکی پێشووی یانه‌كه نییه، سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ نەیمار به‌بێ ئاگه‌داریی یانه‌ی سانتۆسی به‌رازیلی.