رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كه به دژبه‌رێكی توندی سیاسه‌تی چین ده‌ناسرێته‌وه، له‌ڕێی گه‌شتكردن بۆ تایوان ده‌یه‌وێت ئاڵنگاری گه‌وره بۆ په‌كین دروست بكات.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا "نانسی پێلۆسی" هه‌ر له ساڵی ١٩٩١ هاوكات له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی گۆڕه‌پانی تینانمێن، به‌رگری له چالاكانی دیموكراسی له چین ده‌كات، ئێسته‌ش بڕیاره ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌و وڵاته دروست بكات.
31 ساڵ پێش ئێسته، نوێنه‌رێكی تازه ویلایه‌تی كالیفۆرنیا پشتگیری له خۆپێشانده‌رانی دیموكراسیخوازی گۆڕه‌پانی تیانانمێنی په‌كین كرد. ئه‌م هه‌ڵوێسته چینی تووشی شۆك كرد. ئێسته و بۆ جارێكی تر پێلۆسی ده‌یه‌وێت چینییه‌كان شۆك بكات. هه‌واڵه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و له‌م رۆژانه و له كاتی گه‌شته‌كه‌ی بۆ وڵاتانی كیشوه‌ری ئاسیا، سه‌ردانی تایوان ده‌كات و جارێكی تر له گه‌رمه‌ی ناكۆكییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چین، ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره بۆ په‌كین و هه‌روه‌ها كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ش بۆ جۆ بایدن دروست ده‌كات.
ئه‌م گه‌شته ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت، پێلۆسی ده‌كات به یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كه له‌م 25 ساڵه‌ی دواییدا سه‌ردانی دوورگه‌ی تایوانی كردووه.
له بنه‌ڕه‌تدا چین تایوان به پارێزگایه‌كی خۆی له قه‌ڵه‌م ده‌دات و به به‌شێكی دانه‌بڕاوی خاكی خۆی هه‌ژماری ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌م رۆژانه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه ئه‌گه‌ر پێلۆسی ئه‌م گه‌شته بكات، ده‌رهاویشته و ده‌رئه‌نجامی نادیاری بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت.
پێلۆسی له‌به‌ر نیگه‌رانی ته‌ناهی تا ئێسته گه‌شته‌كه‌ی بۆ تایوان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م گه‌شته له رۆژی سێشه‌م ئه‌نجام بدرێت. دوو به‌رپرسی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و تایوان ئه‌مه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه. پێشتر رۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز باسی له‌وه كردبوو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیار بووه له مانگی چواردا سه‌ردانی تایوان بكات، به‌ڵام له‌به‌ر تووشبوون به په‌تای كۆرۆنا بۆ مانگی ئاب دوای خستووه و ئێسته به‌ته‌مایه سه‌ردانی تایپه بكات.
ئه‌م یاسادانه‌ره ٨٢ ساڵه‌یه له‌باره‌ی هۆكاری گه‌شته‌كه‌ی بۆ تایوان گوتی: من نوێنه‌ری سان فرانسیسكۆم، ئه‌و ویلایه‌ته‌ی له هه‌ر سێ كه‌س، یه‌كێكی به ره‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی ئاسیایه. هه‌روه‌ها پێش هه‌فته‌یه‌كیش رای گه‌یاندبوو ئێمه به‌رپرسیاریه‌تیی جیهانیمان له‌م سێ بواره‌دا هه‌یه: ئاسایش و ئابووری و حوكمڕانی. ئه‌م گه‌شته‌ش به‌ده‌ر له‌م خاڵانه نییه.
هه‌ڕه‌شه تونده‌كانی په‌كین به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی وا پێشانی ده‌ده‌ن ئه‌م گه‌شته ده‌توانێ كاردانه‌وه و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌وانی به‌دواوه بێت؛ وایكردووه واشنتن بكه‌وێته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی پێلۆسی به درێژایی ئه‌م گه‌شته له ئاماده‌باشیدایه. هه‌رچه‌ند به‌رپرسان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ڕه‌شه توند و خۆده‌رخستنه سه‌ربازییه‌كانی چین به وردی بخوێنه‌وه و شرۆڤه‌ی بكه‌ن.
پێش پێلۆسی له ساڵی ١٩٩٧ "نۆت گینگریچ" سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ردانی تایوانی كردووه، ئێسته‌ش به یه‌كێك له‌و كه‌سانه داده‌نرێت پاڵپشتی له‌م گه‌شته ده‌كات. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكرێ گینگریچ كه‌سێكی سه‌ربه پارتی كۆمارییه.
گینگریچ رای گه‌یاندووه: ئه‌م گه‌شته بۆ ڕای گشتی بڵاو بووه‌ته‌وه ئیتر ناكرێ لێی پاشگه‌ز ببنه‌وه. ئێوه ده‌بێ له به‌رانبه‌ر كۆمۆنیسته چینییه‌كاندا بوه‌ستن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وان ئه‌مه به لاوازی ده‌خوێننه‌وه و زیاتر توند ده‌بن به‌رانبه‌ر به ئه‌مه‌ریكا و ده‌چنه پێگه‌ی هێرشبردنه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه بایدن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له مانگی ته‌مووزدا رای گه‌یاندبوو، سوپا له‌و بڕوایه‌دایه بیرۆكه‌ی گه‌شتكردنی پێلۆسی بۆ تایوان له‌م كاته‌دا باش نییه. ئه‌مه له كاتێكدایه جۆن كێربی گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رۆژی دووشه‌م رای گه‌یاند، هیچ كه‌س له ئیداره‌ی بایدندا هه‌وڵی نه‌داوه رای پێلۆسی بگۆڕێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره بكات، گه‌شتێكی ئارام و پڕ له ته‌ناهیی بۆ مسۆگه‌ر ده‌كرێ. سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ خۆی له‌مباره‌یه‌وه بڕیار ده‌دات.
لایه‌نگرانی دیموكراسی به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی دیداره‌كه‌ی پێلۆسی له دوورگه‌ی تایوانن
پێلۆسی ماوه‌یه‌كی درێژه به ره‌خنه‌گرێكی توند و راشكاوی چین ده‌ناسرێت، هه‌ر ئه‌مه وایكردووه له مۆحافزكاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاش نزیك ببێته‌وه. به كه‌سایه‌تییه‌كیش ده‌ناسرێته‌وه به‌رده‌وام داوا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا گوشار بخاته سه‌ر چین بۆ ئه‌وه‌ی رێز له مافی مرۆڤ بگرێت. ئه‌و ته‌نانه‌ت له كاتی گه‌شته‌ی بۆ چین له ساڵی ٢٠٠٩، نامه‌یه‌كی دایه ده‌ستی "هۆ جین تاوه" سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی چین و داوای ئازادكردنی راگیراوانی سیاس ی لێ كرد.
لایه‌نگرانی دیموكراسی به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی دیداره‌كه‌ی پێلۆسی له دوورگه‌ی تایوانن، ئه‌وان ده‌ڵێن: پێلۆسی مێژوویه‌كی دوور و درێژی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چیندا هه‌یه و ئه‌م گه‌شته‌ش له‌م كاته‌دا، واتا په‌یامێكی به‌هێز له كاتێكی هه‌ستیاردا.
ئه‌گه‌ر بۆ رابردوو بگه‌ڕێینه‌وه له ساڵی ١٩٩٣، واته دوو ساڵ پاش ئه‌وه‌ی سه‌ربازه چینییه‌كان به تانك خۆپێشانده‌رانی دیموكراسیخوازی گۆڕه‌پانی تیانانمێنیان شێلا، پێلۆسی له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامی تری كۆنگره سه‌ردانی شوێنی ئه‌و كوشتاره‌یان كرد، له كاتێكدا گۆڕه‌پانه‌كه جمه‌ی ده‌هات له گه‌شتیار و راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وان لافیته‌یه‌كی ره‌شیان كردووه و له‌سه‌ری نووسرابوو: پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه‌ی بۆ دیموكراسی له چین گیانی خۆیان به‌خت كرد. ئه‌م هه‌نگاوه به‌رپرسانی ته‌ناهیی چینی شۆك كرد و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش ئه‌م چه‌ند كۆنگرێسمانه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
پێلۆسی له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هۆكاری بازرگانی له‌باره‌ی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له چین قسه نه‌كه‌ین و بێده‌نگ بین، ئیتر بۆ داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ له هه‌موو دنیادا، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانمان له ده‌ست ده‌ده‌ین و كه‌س متمانه‌مان پێ ناكات.
ده‌بێ باس له‌وه‌ش بكرێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ "دالایی لامادا" هه‌یه و مه‌دالیای شانازی كۆنگره‌ی پێ پێشكه‌ش كردووه. هه‌روه‌ها پێلۆسی له ساڵی ٢٠١٩ چینی زۆر تووڕه كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشوازی له‌و چالاكانه‌ی خه‌ڵكی هۆنگ كۆنگ كردبوو كه به دژبه‌ری سه‌رسه‌ختی چین ده‌ناسرێنه‌وه.
له هه‌مان كاتدا پێلۆسی ده‌ستێكی باڵای هه‌یه له دژایه‌تیكردنی چیندا له‌به‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی دژ به خه‌ڵكی ئۆیغۆر له ناوچه‌ی سین كیانگ ئه‌نجامی ده‌دات. ئه‌مه‌ریكا ئه‌م تاوانه‌ی چینی وه‌ك كۆمه‌ڵكوژی له قه‌ڵه‌م داوه.
هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌م گه‌شته‌ی پێلۆسی ده‌توانێ گرژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چین بباته قۆناغیكی هه‌ستیاره‌وه، هاوكات گه‌ڕێكی تازه‌ی ململانێ له رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا دروست بكات.
ئارام وه‌ڵه‌دبه‌گی