پلانی حكوومەتی هەرێم سەركەوت.. نرخی خۆراك لە دابەزین بەردەوامە

:: PM:09:32:02/08/2022 ‌

دوای شەڕی رووسیا و ئۆكراینا كە كێشە بۆ هەناردنی گەنم لەلایەن كیێڤەوە دروست بوو، نرخی ئارد بە رێژەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكان بەرز بووەوە، دوای رێككەوتنی مانگی رابردوو بۆ ئەوەی ئۆكراینا دەست بە هەناردنی گەنمەكەی بكاتەوە، جارێكی تر نرخی ئارد لە بازاڕەكان هەرزان بوو، ئێستە مادە خۆراكییەكان بە رێژەی جیاواز نرخەكانیان هەرزان بووە.

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا نرخی فەردەی 50 كیلۆیی ئارد بۆ نزیكەی 50 هەزار دینار بەرز بووەوە، دوای رێككەوتنی دوایی ئەو دوو وڵاتە نرخی فەردەیەكی بۆ 45 هەزار دینار دابەزی و پێشبینی دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوو بگاتە 35 هەزار دینار، هەروەها دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە و لابردنی باج لەسەر ئەو خۆراكە لە لایەن حكوومەتەوە، هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی ئاردە لە بازاڕەكاندا.
لابردنی باج بووە هۆی ئەوەی خۆراك بە نرخێكی كەمتر بكەوتە بازاڕەوە و زیاتر هاوردە بكرێت
لەو بارەوە نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی سەرجەم خۆراكە پێویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە بازاڕەكان بە بەراورد بە پێش یەك بۆ دوو مانگ دابەزیووە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت كە باج لەسەریان لابراوە، ئۆكرایناش دەستی بە هەناردنی گەنم كردووەتەوە، لە رۆژانی داهاتوو نرخەكان زیاتر دادەبەزن، بەتایبەتی نرخی ئارد كە بەهۆی شەڕەكەوە زۆر گران بووبوو.

روونی كردەوە، تەنیا ئەمساڵ توانراوە 300 مۆڵەتی هاوردەكردنی خۆراك بە بازرگانان بدرێت، بەتایبەت لەو چەند مانگەی كە حكوومەت باج و رسوماتی لەسەر خۆراكە پێویستەكان لابردووە، ئەمەیش كاریگەری لەسەر نرخ هەبووە، ئێستە خۆراكێكی زۆر لە كۆگاكاندا هەن، بەشە خۆراكیش بەردەوام دابەش دەكرێت، ئەمەیش هۆكارێكی ترە كە نرخی خۆراك دابەزیووە.

پێوەست بەو بابەتەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لیژنەی تایبەتمەند بەردەوام بە بازاڕدا دەگەڕێن و نرخەكان وەردەگرن و رێگری لە گرانبوون دەكەن، ئێستە نرخی خۆراك و پێویستییەكانی رۆژانە بە بەراورد بە چەند مانگێك پێش ئێستە هەرزان بووە، بەتایبەت ئەو خۆراكانەی كە پێویستن وەك شەكر و برنج و رۆن.

ئاماژەی كرد، بەپێی نرخەكانی چاودێری بازرگانی سلێمانی، ئێستە یەك كارتۆن رۆنی زەیتی بەشەخۆراك لە 63 هەزار دینارەوە بۆ 49 هەزار دینار دابەزیوە، نۆكی مەكسیكی یەك فەردەی لە 70 هەزار دینارەوە بۆ 65 هەزار دینار دابەزیوە، چای دووغەزال لە 121 هەزار دینارەوە بۆ 111 هەزار دینار دابەزیوە، یەك فەردە برنجی بەشەخۆراك لە 40 هەزار دینارەوە بۆ 25 هەزار دینار دابەزیوە، خۆراكەكانی تریش بۆ یەك فەردە پێنج هەزار دینارەوە دابەزیون، هەروەها نرخی تۆنێك گەنم 30 دۆلار دابەزیوە، ئەگەر هەناردەكردنی گەنم بەردەوام بێت زیاتریش دادەبەزێت و نرخی ئاردیش دابەزیوە.

"لابردنی باج لەسەر ئەو مادە خۆراكیانەی كە پێویستی رۆژانەن لە لایەن حكوومەتەوە، هۆكاری ئەوە بوو كە خۆراك و پێویستییەكان بە نرخێكی كەمتر بكەونە بازاڕەوە و خۆراكێكی زۆریش لە لایەن بازرگانانەوە هاوردە بكرێت، چونكە باج و رسوماتیان لەسەر نییە، بڕیاریشە لیستێكی تری مادەی خۆراكی و بیناسازی و ئەلیكترۆنیات كە 171 مادە لەخۆ دەگرێت، باج و رسوماتیان لەسەر لاببرێت"، سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای گوت.

هەر لەو بارەوە ناسر ئیسماعیل، ئابووریناس بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، هەرزانبوونی نرخ لە هەموو كاتێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە، جا ئەو هاووڵاتییە كڕیار بێت یان فرۆشیار، فرۆشیار بە نرخێكی كەمتر خۆراكەكەی دەست دەكەوێت و بە هەرزان دەیفرۆشێتەوە و خێراتر دەڕوات، قازانجێكی كەم و فرۆشێكی زۆر، بەڵام ئەگەر خۆراكەكان گران بوون، فرۆشیار بڕێكی كەم دەفرۆشێت و قازانجێكی كەمیش دەكات، هاووڵاتیش شتی زۆر ناكڕێت و كەم كەم دەیكڕێت.

روونی كردەوە، هەركات باج لەسەر خۆراك لابرا، ئەوكات خۆراك هەرزان دەبێت، ئەو بڕە پارەیە كە بە باج وەردەگیرێت لە بازرگان دەخرێتە سەر كڕیار، كڕیاریش دوكاندار و هاووڵاتییانن، دوكانداریش بڕێكی دەخاتە سەر و دواجار هاووڵاتیی بارگرانی بۆ دروست دەبێت، بەڵام كە باج لابرا بە نرخی كەمتر بە هاووڵاتی دەگات، زۆرترین خۆراكیش هاوردە دەكرێت.

شایەنی باسە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە گرانبوونی نرخی خۆراكە پێویستەكان، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڕیاری دا باج و رسومات لەسەر 15 خۆراكی پێویستی رۆژانەی هاووڵاتییان لا ببات، بڕیارەكەیش تا سەرەتای مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، خۆراكەكانیش شەكر و برنج و رۆن و ئارد و جۆرەكانی پاقلەمەنی و شیر و جۆرەكانی دەگرێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل