بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی له فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی بە یەکجار چوار یاریزان لە پێکهاتەکەی دوور بخاته‌وه.
گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە بەڕێوەبردنی تیپی پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا روویدا، ئه‌مه‌ش دوای رۆیشتنی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەر و لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانه‌كه، هەروەها هاتنی کریستوفر گالتیێ و لویس کامپۆس لە شوێنی ئەواندا.
رۆژنامەی لێکێپی فڕەنسی ئاشكرای كرد، ئەو چوار یاریزانه‌ی بهربرژێرن دوور بخرێنه‌وه، بریتیین لە ماورۆ ئیکاردی، جۆرجینۆ ڤایناڵدوم، ئیدریسا گای و تیلۆ کێرێر.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی، ئیکاردی لە یانه‌ی مۆنزا داوا كراوه، كه ئه‌م وه‌رزه گه‌یشتووه‌ته خولی پله یه‌كی ئیتالیا، هه‌روه‌ها ڤایناڵدوم لەگەڵ رۆما چووەته ناو دانوستانێکی بەهێزەوە و نزیكه پێوه‌ندیی به تیپه‌كه‌ی مۆرینیۆوه بكات.
سه‌باره‌ت به ئیدریسا گای، ئه‌وا نزیکە پێوەندیی بە یانەی ئێڤێرتۆنی ئینگلیزییه‌وه بكات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه کیرێر بچێته یانه‌ی سێڤییای ئیسپانی، بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی كۆندێ، كه رووی كرده بارسێلۆنا.
پاریس سانجێرمان یاریزانی زیاده‌ی زۆره و پێویستی به‌وه هه‌یه هه‌ندێك له یاریزانه‌كانی به‌ڕێ بكات، یان به خواستن بیاندات به یانه‌ی تر.