چین نیازی هێرشی سەربازیی بۆ سەر تایوان هەیە و ئەمەریكایش هۆشداری دەدات

:: AM:09:11:06/08/2022 ‌
سوپای تایوان ئەمڕۆ رای گەیاندووە، چەندان فڕۆكە و كەشتیی سەربازیی چین، لە گەرووی تایوان نزیك بوونەتەوە و لە مانۆرەكانیان بەردەوامن، چین نیازی هێرشی سەربازیی هەیە. ئەمەریكایش لەوبارەیەوە هۆشداریی بە چین داوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو شەشی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی تایوان ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، فڕۆكە و كەشتییە سەربازییەكانی چین بەرەو گەرووی تایوان دێن و پێمان وایە نیازی هێرشیان هەبێت. ئەمەریكایش لەوبارەیەوە پێوەندیی بە چینەوە كردووەتەوە و داوای كردووە مانۆرە سەربازییەكەی لە نزیكی تایوان بەكۆتا بێنێت.

ئەمە دوای ئەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا چەند رۆژێك بەرلە ئێستە سەردانی ئەو دوورگەیەی كردبوو كە تووڕەیی چینی لێ كەوتەوە، تایوان چەندان ساڵە خۆبەڕێوەریی راگەیاندووە و چین بە بەشێك لە خاكەكەی خۆی دەزانێت، بۆیە رێ نادات وڵاتان پێوەندیی دیپلۆماسی و سەربازی لەگەڵ ئەو دوورگەیە دروست بكەن.

وەزارەتی بەرگریی تایوان لە بەیاننامەكەیدا رای گەیاندووە، هێزەكانمان چاودێریی مانۆرەكەی سوپای چین دەكەن كە لەوەتەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا نانسی پیلۆسی سەردانی تایوانی كردووە، لە نزیكی گەرووی تایوان دەستی پێ كردووە، بەڵام ئەمڕۆ بەپێی ئەوەی زۆر نزیك بووەتەوە، پێمان وایە نیازی هێرشیان هەبێت.

لەلایەكی تریشەوە كۆشكی سپیی ئەمەریكا دوێنێ هەینی، داوای لە چین كرد كە مانۆرەكەی رابگرێت و ئاڵۆزی لە ناوچەكە دروست نەكات.

گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا جۆن كێربی گوتوویەتی، زۆر شت هەیە كە چینەكان دەتوانن بیكەن بۆ ئەو كاڵكردنەوەی پێوەندییەكان لەبری ئەو مانۆرەی دەستیان پێ كردووە. لە پێوەندییەكانمان لەگەڵ چین بەردەوام دەبین تا ناوچەكە تووشی كێشەی زیاتر نەبێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د