درۆنەكانی ئێران دەگەنە گۆڕەپانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا

:: AM:09:03:07/08/2022 ‌
بەرپرسانی ئۆكراینی ئاشكرایان كرد، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران بۆ پاڵپشتیی سوپای رووسیا لەو جەنگەی لە دژی ئۆكراینا بەرپای كردووە، گەیشتوونەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێشبینی دەكرێ كاریگەرییان لەسەر جۆری جەنگەكە هەبێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئۆكراینا، بەمدواییە ئێران 46 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ رووسیا ناردووە تا لە جەنگەكەی لە دژی ئۆكراینا بەكاریان بێنێ.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی تا ئێستە لەبارەی جەنگەكەوە بڵاو كراونەتەوە، ئەوە دەبینرێ كە رووسیا ئەو درۆنانەی بەكار هێناوە كە لە ئێرانەوە پێی گەیشتوون، بەپێی گوتەی راوێژكاری سەرۆكی ئۆكراینا ڤۆڵۆدمێر زیلینسكی "ئەلیكسی ئەریستۆڤیچ"، ژمارەی ئەو درۆنانەی ئێران بۆ رووسیای ناردووە، 46 درۆن دەبن.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە، ئێستە رووسی پلانی داناوە مانگێكی دەستكردی ئێرانی بەكار بێنێ، ئەویش لەڕووی هەواڵگری و دەستنیشانكردنی ئامانجەكانی لە جەنگەكەدا سوودی لێ دەبینێ. ئەویش بەپێی "زە تلیگراف"ی بەریتانی كە دوێنێ بڵاوی كردبووەوە.

ئەو مانگە دەستكردە كە ناوی "خەیام"یان لیێ ناوە، ئێران دەڵێ بۆ چاودێریكردنی ئاو و كشتوكاڵ بەكار دەهێنرێ. بەڵام بەرپرسانی ئۆكراینی دەڵێن لە جەنگەكەیاندا رووسەكان بەكاری دێنن.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د