به گوێره‌ی ڕووپێوێكی په‌یمانی چارلی میتكالف، نزیكه‌ی 87%ی پزیشكان له عێراق دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه له‌لایه‌ن كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كانیانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه و توندوتیژییان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام دراوه، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه ناچار بن بیر له جێهێشتنی عێراق و ڕووكردنه وڵاتانی تری دنیا بكه‌ن. ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له پزیشكان ده‌كرێ ڕووی له زیادبوونه، به تایبه‌ت له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌نای كۆرۆنا به چڕی له عێراق زۆرترین هه‌ڕه‌شه له پزیشكان كراوه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه پزیشكان له ژیان و سه‌لامه‌تی خۆیان دڵنیا نه‌بن و هه‌ست به ئاسایش و ئارامی نه‌كه‌ن، بۆیه زۆرێكیان خه‌ریكی مامه‌ڵه‌كردنن، تا له یه‌كێك له وڵاتانی ئه‌وروپا یان وڵاتانی تری پێشكه‌وتووی دنیا وه‌ربگیرێن و ڤیزایان پێ بدرێ و كۆچ بۆ وڵاتی دووه‌م بكه‌ن.
زۆرجار زیاتر له 15 كه‌س له كه‌سوكار و هاوڕێ نه‌خۆشه‌كان كه له نه‌خۆشخانه گیانیان له ده‌ستداوه
له ڕاپۆرتێكی په‌یمانگه به‌ریتانییه‌كه هاتووه، كه زۆرجار زیاتر له 15 كه‌س له كه‌سوكار و هاوڕێ نه‌خۆشه‌كان كه له نه‌خۆشخانه گیانیان له ده‌ستداوه، به یه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان له پزیشكان كردووه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه دیارده‌ی سه‌ردانیكردنی نه‌خۆش له عێراق زۆر نامۆیه و سه‌ردانكه‌ران به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی ڕێساكانی نه‌خۆشخانه نابن و به لێشاو ده‌چنه لای نه‌خۆشه‌وه، كه ئه‌مه‌یش ڕێگری له پزیشك و په‌رستاران ده‌كات، تا به‌شێوه‌یه‌كی چالاك و كارا ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن.
ڕیاز له‌فته پسپۆری بواری په‌تا و وانه‌بێژ له زانكۆی موسته‌نسرییه‌ی به‌غدا له‌وباره‌وه ئاماژه‌ی داوه، كاتێك نه‌خۆش ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه، پزیشك و په‌رستاران له ژێر په‌ستان و فشار و نیگه‌رانی و دوودڵی زۆردان. كاتێك به كه‌سوكاره‌كه‌یان ده‌گوترێ كه شوێنه‌كه جێ بهێڵن تا چاره‌سه‌ری پێویستی نه‌خۆشه‌كه بكه‌ن، هه‌ندێجار كه‌سوكاره‌كه‌ی تووڕه ده‌بن و قسه‌ی نه‌شیاو به تووڕه‌ییه‌وه به پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ده‌لێن، ئه‌مانه‌یش كه‌شێكی نه‌شیار له نه‌خۆشخانه و نۆرینگه پزیشكییه‌كان دروست ده‌كات.
زیاتر گوتی، دیارده‌یه‌كی تریش په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی چهكههڵگرتنه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئاساییه‌وه، به گوێره‌ی ڕاپرسییه‌كان زیاتر له 27%ی هاووڵاتییانی عێراق له ماڵه‌وه چه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، له كاتی دروستبوونی گرژی و كێشه له‌سه‌ر مه‌رگی نهخۆشێكێش زۆرجار كه‌سوكاره‌كه‌ی په‌نا بۆ چه‌كه‌كانیان ده‌به‌ن و مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی پزیشكان دروست ده‌كه‌ن. هاوكات سیسته‌می ته‌ندروستی عێراقیش زۆر كێشه و گرفتی تێدایه و پڕه له كه‌موكوڕی هه‌موو ئه‌مانه‌یش بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كان به گومانه‌وه سه‌یری هه‌موو بڕیارێكی پزیشكان بكه‌ن و بكه‌ونه كێشه و ده‌مه‌قاڵه‌وه له‌گه‌ڵ پزیشكان.
زۆر جار گرژی و كێشه‌كان كه له نێوان پزیشكان و كه‌سوكاری نه‌خۆش دروست ده‌بێت، بۆ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شایه‌ری ده‌گۆڕێت و پرسی خوێن ده‌كه‌وێته‌وه نێوان پزیشك و كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌وه، كه ئه‌مه له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق دیارده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره و دوژمنداری پێ ده‌گوترێت، بۆیه پزیشك و ماڵباته‌كه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگێكی ڕاسته‌قینه ده‌بن، ئه‌گه‌ر نه‌چنه ژێرباری نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه نه‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یش له ڕێی سوڵحی عه‌شایه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و زۆرجار بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه پزیشكان له‌سه‌ریان ده‌سه‌پێنرێ كه به كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌ی بده‌ن، زیاتر له 140 ملیۆن دیناری عێراقییه.
عوسمان عه‌تیبه پزیشكی نه‌شته‌ركاری دڵ له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ئه‌و كێشه گه‌ورانه‌ی ڕووبه‌روومان ده‌بێته‌وه، زۆرجار ناچارمان ده‌كات كه هه‌نگاوی زیاتر بنێین تا كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه ڕازی بكه‌ین، به‌وه‌ی كه هه‌رچی پزیشك له ده‌سه‌ڵاتی بووه، ئه‌نجامی داوه و به‌ڵام نه‌توانراوه نه‌خۆشه‌كه‌یان ڕزگار بكرێت. كاتێك پزیشكێش له‌وه دڵنیا بێت كه نه‌خۆشه‌كه‌ی هیچ هیوایه‌كی نییه و ده‌مرێت، ئه‌وا ڕێوشوێنی ته‌ناهی تایبه‌ت به‌خۆی پێشوه‌خته ده‌گرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن ڕزگاری ببێت، ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كرد و بابه‌ته‌كه‌یان كرده حاڵه‌تی دوژمنداری.
كاتێكیش ئه‌و ڕاستییانه بۆ پزیشكان به گشتی و به تایبه‌ت بۆ پزیشكانی تازه ده‌رچووی زانكۆكانی پزیشكی ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌وا به‌شێویه‌كی سه‌ره‌كی پزیشكه گه‌نجه‌كان له عێراق بیر له جێهێشتنی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، به گوێره‌ی ڕووپێوی پهیمانگهكهیش زیاتر له 77%ی پزیشكانی گه‌نج له عێراق بیر له جێهێشتنی عێراق و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ژیان و كاركردن له وڵاتێكی تر ده‌كه‌نه‌وه.