گۆڕانكاری له‌ سزاكانی هاتوچۆ ده‌كرێت

:: PM:02:56:14/08/2022 ‌
له‌به‌ر زۆربوونی رووداوه‌كانی هاتوچۆ، پڕۆژه‌یه‌ك  بۆ گۆڕینی یاساكانی هاتوچۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ كراوه‌، گوته‌بێژی هاتوچۆی‌ هه‌ولێر رای گه‌یاندووه‌، گۆڕانكاری له‌ جۆری سزاكان ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 14ی ئاب، فازڵ حاجی گوته‌بێژی هاتوچۆ هه‌ولێر له‌باره‌ی رووداوه‌كانی هاتوچۆ، بۆ "وشه‌" گوتی،  پڕۆژه‌یه‌ك بۆ گۆڕینی یاسای هاتوچۆ ئاماده‌ كراوه‌، گۆڕانكاری له‌ جۆری سزاكان به‌ قورس و ئاسان ده‌كرێت.

هه‌فته‌ی رابردوو 29 هه‌زار و 686 سه‌رپێچیی هاتوچۆ تۆمار كراون

به‌پێی زانیارییه‌كان، هه‌وڵێك بۆ زیادكردنی كامێراكانی چاودێریی هاتوچۆ له‌ شه‌قامه‌كان هه‌یه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ فازڵ حاجی گوته‌بێژ رای گه‌یاند، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كاتی خۆی ئاشكرا ده‌كرێن.

هاوكات هه‌فته‌ی رابردوو له‌ پارێزگای سلێمانی، 240 كامێرای چاودێری له‌ شه‌قامه‌كانی ناوشار دانراون، به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی تیژڕۆیی له‌ شه‌قامه‌كان.

له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا 67 رووداوی هاتوچۆ روویان داوه‌، هه‌شت كه‌س به‌ رووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، له‌گه‌ڵ برینداربوونی 19 كه‌سی تریش.

فازڵ حاجی روونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و رووداوانه‌ی هاتوچۆ هۆكاری هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێكه‌، ئه‌وانه‌ی ناوشار به‌شێكیان به‌هۆی بێئاگایی و تێپه‌ڕبوون له‌ ترافیكی سوورن، ئه‌وانه‌شی له‌سه‌ر شه‌قامی 120 مه‌تری روو ده‌ده‌ن به‌هۆی ده‌رچوونه‌ له‌لای راست.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا یاساكانی هاتوچۆ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ خێرایی 60كم، 80كم، 100كم و 110كم له‌ سه‌عاتێكدایه‌، سه‌رپێچیكردنی ئه‌وانه‌ به‌پێی خێراییه‌كه‌ پێبژاردنیان بۆ ده‌كرێ، ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ر له‌ كامێرای چاودێرییه‌وه‌ تۆمار بكرێت.

یاسای به‌ستنی پشتێنی سه‌لامه‌تی، تێیاندا هه‌یه‌ نه‌به‌ستنی پشتێنه‌كه‌ سزاكه‌ی 30 هه‌زار دیناره‌. به‌كارهێنانی مۆبایل به‌ یاسا له‌كاتی شۆفێریكردن قه‌ده‌غه‌یه‌، سه‌رپێچیكردن لێی سزاكه‌ی 30 هه‌زار دیناره‌. 

هه‌فته‌ی رابردوو 29 هه‌زار و 686 سه‌رپێچیی هاتوچۆ تۆمار كراون، له‌ دهۆكدا زۆرترین سه‌رپێچی تۆمار كراون  كه‌ هه‌زار و 587 بووه‌، پارێزگای هه‌ولێریش سێ هه‌زار و 328 سه‌رپێچی بووه‌، هه‌شت هه‌زار و 888یان له‌ پارێزگای سلێمانی بووه‌. هه‌روه‌ها زیاتر له‌ دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن.


وشە - زریان تەها