خۆپێشاندانە ملیۆنییەکەى سەدر دوا خرا

:: PM:01:58:16/08/2022 ‌
کەمێك پێش ئێسته‌ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در له‌ تویتێكیدا بڕیاری دواخستنی خۆپێشاندانە ملیۆنییه‌كه‌ى ڕۆژى شه‌موو 20ى ئابى بۆ کاتێکی نادیار دا.

دواخستنی خۆپێشاندانه‌كه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه‌ پیلانه‌ گڵاوه‌كانیان شكست پێ بهێنم
ڕێبەری رەوتی سەدر له‌ درێژه‌ى تویته‌كه‌یدا نوسیوویه‌تى، "خوێنی عێراقییەکان لە هەمووشت گرنگترە، بۆ ئەوەی شکست بە پلانە قێزەونەکانتان بهێندرێت و گەندەڵییەکانی ئێوە بە خوێنی عێراقییەکان ئاو نەدرێت، کە بەشێکیان بوونە قوربانی گەندەڵی و ئارەزووەکانی ئێوە، خۆپێشاندان دوا ده‌خه‌ین".

ئاشكراى كردووه‌، "گەلی عێراق له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌مێننه‌وه‌ تا ئەو کاتەی داواکارییەکان بەدیدەهێندرێن، دواخستنی خۆپێشاندانه‌كه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه‌ پیلانه‌ گڵاوه‌كانیان شكست پێ بهێنم".

زیاتر هاتووه‌، "ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ چاكسازی و به‌رده‌وامین له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ دژی گه‌نده‌ڵه‌كانتان، ئێوه‌ی گه‌نده‌ڵه‌كان، سیاسه‌تی لاساییكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئێوه‌یش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیفلاسبونتان و پێداگریتان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانتان".

ڕۆژی یەکشەم 14ى ئاب، موقتەدا سەدر بڕیاری دا ڕۆژى شه‌موو خۆپێشاندانێکی ملیۆنی لە بەغدا ئەنجام بدات، هه‌روه‌ها ڕاى گه‌یاندبوو خۆپێشاندانه‌كه‌ ده‌بێت وێنه‌ى نه‌بێت.


وشە - محەمەد میران