گرانترین ژەهر كە بۆ دەرمان بەكار دەهێنرێ ژەهری دووپشكە

:: AM:09:01:18/08/2022 ‌
لە تاقیگەیەك لە هەرێكی شانلیی سەربە پارێزگای ئورفەی توركیا، هەزاران دووپشك دەبینی كە خراونەتە ناو سندووقی روون، كارمەندانی ئەو تاقیگەیە خەریكی دەركردنی ژەهری دووپشكەكان تا بۆ ئەوروپای هەناردە بكەن و لەوێش بكرێتە دەرمان. ئەو ژەهرە بە گرانترین ژەهری دنیا هەژمار دەكرێت.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵێكی لەبارەی ئەو تاقیگەیە و ئەوو كێڵگەیەی دووپشكەكانی تێدا دەهێنرێن بۆ تاقیگەكە بڵاو كردووەتەوە. ئاماژەی داوە كە ئەو ژەهرەی لە دووپشكەكان دەردەهێنرێت كە هەزاران دووپشك دەبن، بە ملیگرامە و دواتر تاقیگەكە بە وڵاتانی ئەوروپایی دەفرۆشێ بە پارەیەكی خەیاڵی.

ئەو تاقیگەیە ناوی "ئۆرنلەر"ـە و كەوتووەتە هەرێمی شانلیی سەربە ئورفەی باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، لەوێدا دەیان سندووقی روونی وەك شووشە دانراون و هەریەك لە سندووقەكان چەند دووپشكێكی تێدایە. تاقیگەكە تایبەت بە دەرهێنانی ژەهری دووپشكەكانە كە لە یەك دووپشكدا دوو ملیگرام ژەهر دەردەهێنن.

خاوەنی ئەو كێڵگەیەی دووپشكەكانی تێدا بۆ تاقیگەكە دێنن، ناوی مەتین ئۆرنلەرە و گوتوویەتی، هەر دووپشكێك تەنیا دوو میلیگرام ژەهری تێدایە و لە تاقیگەكەدا ژەهرەكە دەردەهێنین، بۆیە بەگشتی رۆژانە تەنیا دەتوانرێ دوو گرام ژەهر كۆ بكرێتەوە، لە ماوەی چەند مانگێكدا كە ژەهرەكە دەگاتە یەك لیتر، ئەوكات لە فرۆشتنیدا نرخی دەگاتە دەوروبەری 10 ملیۆن دۆلار.

لەبارەی فرۆشتنی ژەهرەكان ئۆرنلەر دووپاتی كردەوە، ئەو ژەهرە تایبەت بۆ دروستكردنی دەرمان بەكار دەهێنرێت و ئێمەیش دەیفرۆشینە وڵاتانی ئەوروپا، ئەویش ئەوكاتەی ژەهری دووپشكەكان دەگاتە ئاستی كۆكردنەوەی یەك لیتر، دواتر بۆ فڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و سویسرای دەنێرین.

ئەو كێڵگە و تاقیگەیە لە ساڵی 2020دا دامەزراوە و ئێستە زیاتر لە 20 هەزار دووپشكی تێدایە. وەك خاوەنی كێلگەكە ئاماژەی داوە، ژەهری هەموو دووپشكێك بۆ دەرمان ناگونجێ، ئەو دووپشكانەی ئێمە ژەهرەكانیان دەردەهێنین، لە جۆری "ئەندروكتۆناس" و "تركینسیس"ن. كاتێك دەكرێتە دەرمان، بۆ چەندان نەخۆشی بەكار دەهێنرێت وەك شێرپەنجە، مادەی سڕكەر و ئازارشكێن و زۆر نەخۆشیی تر.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د