كازم ساهیر لە دیمانەیەكدا باس ژیانی هونەری و تایبەتی خۆی دەكات

:: AM:09:15:03/09/2022 ‌
كازم ساهیر كە لە ناوەندی هونەری موزیك و گۆرانیی عەرەبی و عێراقیدا بە "ئیمپارتۆر" نا دەبرێت، لە دیمانەیەكدا باسی لە دووركەوتنەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە كاری هونەریی نوێ كرد. هاوكات باسی لەوەیش كرد كە "ساهیر" تەنیا نازناوە و بۆیان داناوە، ئەگەر نا لە ژیانیدا شەونخوونیی نەكردووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو سێی ئەیلوول، ئەو دیمانەیەی بڵاو كردووەتەوە كە شەوی رابردوو لە بەرنامەی "مونا شازلی" لە قاهیرە بۆ ساز كراوە، لەو دیمانەیەدا ساهیر باس لەو دووركەوتنەوەی لە ئاهەنگەكان لە میسر بۆ ماوەی 10 ساڵ دەكات، دەڵێ بەهۆی نەبوونی گرێبەست بووە، هاوكات لەبەرئەوەی كاری هونەریی نوێی بووە، بۆیە ئامادە نەبووە كۆنسێرتی تایبەت بكات.

مەبەستی ئەو هونەرمەندە ئەوەیە كاتێك ئامادەیە كۆنسێرت ساز بكات، بەلای كەمەوە چەند گۆرانییەكی نوێی هەبێت و لەوێدا پێشكەشیان بكات، ئەگەر نا وەك خۆی دەڵێ، لە ماوەی 10 ساڵەی لە میسردا وەگ گۆرانیبێژ دەرنەكەوتووە، سێ جار سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە، واتە هیچ كێشەیەكی لە سەردانی میسر نەبووە.

ساهیر لەبارەی ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانی باس لەوە دەكات، خۆی بەهیچ شێوەیەك كاروبارەكان بەڕێوە نابات و تەنیا ئامادەی ئاهەنگەكان دەبێت و گۆرانییان تێدا پێشكەش دەكات، ئەویتر كۆمپانیای هەیە و ئەوان بە كارەبارەكان هەڵدەستن. دووپاتی كردووەتەوە كە دوور و نزیك دەستوەردان لە كارەكانی ئەوان ناكات، خۆی پێ گوتوون كاری خۆتان بكەن و وازم لێ بێنن من لە ماڵەوە خەریكی كارە هونەرییەكانی خۆم دەبم.

بۆیە لەبارەی ئەوەی زۆربەی كاتەكانی هەر لە ماڵ بەسەر دەبات، ساهیر گوتوویەتی، بڕوام پێ بكەن ماوەی 20 ساڵی رەبەق لە ماڵەكەم خۆم كەرەنتین كرد، واتە تەنیا بۆ كاری هونەری نەبێ للە ماڵ نەدەهاتمە دەرەوە، لەوكاتەدا تەنیا خەریكی كاری هونەری دەبووم، بۆیە تەنانەت هاوڕێكانیشم پێم دەڵێت "بیتوتی- واتە پیاوی ماڵەوە".

لەبارەی نازناوەكەی "ساهیر" گوتوویەتی، ناوی راستینەم "كازم جەبار ئیبراهیم"ـە، كاتێك لە سەرەتادا دەستم بەكاری هونەری كرد، گوتم ناوم "كازم جەبار"ـە، ئەوكات گوتیان ئەو ناوە بۆ هونەرمەند ناشێ و بۆ شەربەتفرۆش دەشێت، بۆیە دەبێ نازناوێك بۆ خۆت هەڵبژێرێت، بە رێكەوت نازناوی "ساهیر- شەونخوونی یان بێدار"م بە بیردا هات و ئیتر ئەو نازناوە بە ناوەكەمەوە نووساوە. ئەگەر نا لە ژیانمدا یەك رۆژێك شەونخوونیم نەكردووە.

لەبارەی وەزرشیشەوە ساهیر گوتوویەتی، زۆر بە كەمی وەرزش دەكەم و ئەوەیش بۆ ئەوە نییە حەزم پێ نەبێت، بەڵكو چونكە پێیەكم شكاوە، ئەو شكانە رێگریم لە وەرزشدا لێ دەكات، بۆیە زۆر بە كەمی وەرزشی سویدی دەكەم.

لەبارەی قۆناغی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتین ساهیر گوتوویەتی، ئەوكاتەی بەهۆی كرۆناوە كەرەنتین دەستی پێ كرد، بە رژدی رێنوێنییەكانم جێبەجێ دەكرد، لەو قۆناغەدا چەند جارێك لە ماڵ چوومەتە دەرەوە، بەلام دەمامكم دەكرد وو شەبقەیەكم لەسەر دەنا و چاوێلكەیشم لە چاو دەكرد ئەوجا دەچوومە دەرەوە، چێژی زۆریشم لەوە دەبینی كە دەچوومە بازاڕ و كەس نەیدەناسیم، بۆیە بە ئازادیی خۆم هەڵسوكەوتم دەكرد.

كازم ساهیر كە خۆی سەمەڕاییە و لە ساڵی 1957 لە مووسڵ لە دایك بووە، رەگەزنامەی كەنەدی و قەتەریی هەیە. نازناوی "باڵوێزی گۆرانیی عێراقی"یان لە عێراقدا پێ بەخشیوە و هاوكات لە وڵاتانی عەرەبیدا بە "ئیمپراتۆر- قەیسەر" ناو دەبرێت. یەك لە هونەرمەندە عەرەبەكاندا كە لە ترۆپی گۆرانیدا وەك ئەستێر و مامۆستا تەماشا دەكرێت، خاوەنی سەتان گۆرانی و میلۆدی و دانانی موزیكە. جیالەوەی ژەنیارێكی زۆرباسی ئامێری عووودە. جیا لەو میلۆدییانەی بۆ گۆرانییەكانی خۆی دایناون، چەندان میلۆدیی بۆ هونەرمەندە ناودارەكانی عەرەب داناوە. جیا لە دەیان كۆنسێرت و بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات دەیان گۆرانیی سینگڵ، خاوەنی 24 ئەلبوومی بڵاوكراوەیە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د