له دوو ساڵی ڕابردوو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له‌و بڕوایه‌دابوون كه ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌ورانه‌ی ڕووی له ناوچه‌كه‌یان كردووه كاتییه و دواجار دۆخه‌كه ئاسایی ده‌بێته‌وه، بۆیه زێدی خۆیان جێ نه‌هێشت و مانه‌وه، به‌ڵام ئێسته دۆخه‌كه به ته‌واوی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و هه‌مووان ئه‌و بڕوا و هیوایه‌یان له‌ده‌ستداوه، كه له ڕووی كه‌شوهه‌وا و ئاوه‌وه ناوچه‌كه‌یان وه‌ك پێشتر ببووژێته‌وه و ئه‌وانیش بتوانن به كشتوكاڵكردن و ماسیگری بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌یش دیارده‌ی كۆچكردن له ده‌وروبه‌ری شاره گه‌وره‌كان له باشووری عێراق بۆ ناو شاره‌كان و ناوچه‌كانی تری ناوه‌ڕاستی عێراق به شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ ده‌ستی پیكردووه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ ساڵ دوای ساڵ شه‌پۆلی ئاواره‌بوون و كۆچكردن له ناوچه‌كانی باشوور بۆ ناوه‌ڕاست و باكوری عێراق فره‌وانتر ببێت.
هۆكاره ده‌ستكرده‌كانی مرۆڤیش وایكردووه كه به خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ناوچه‌كانی باشووری عێراق ببن به وێرانه
پێشتر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕیزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ی بڵاو كرده‌وه، كه له داهاتوویه‌كی نزیك كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به ڕوونی له‌و وڵاتانه ده‌رده‌كه‌ن و زیانی گه‌وره‌یان پێ ده‌گات، له‌و ڕیزبه‌نده عێراق پێنجه‌م وڵات بوو، كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ئه‌نجامی ڕاپۆرت و لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌وه به ته‌واوی ڕوونبووه‌وه كه به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه گه‌وره‌ترین زیان به‌ر ناوچه‌كانی باشوور و تاڕاده‌یه‌ك ناوه‌ڕاستی عێراقیش ده‌گات.
سه‌ره‌ڕای هۆكاره سروشتییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و كه‌مبوونه‌وه‌ی بارانی بارین، هۆكاره ده‌ستكرده‌كانی مرۆڤیش وایكردووه كه به خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ناوچه‌كانی باشووری عێراق ببن به وێرانه، له دیارترین هۆكاره ده‌ستكرده‌كانیش كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی دیجله و فوراته له‌لایه‌ن توركیاوه و دروستكردنی به‌نداوه له‌سه‌ر ئه‌و زێ و ڕووبارانه‌ی كه له ئێرانه‌وه ده‌ڕژێنه عێراق، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه ڕێژه‌ی ئاوی ده‌ریا له كه‌نداوه‌وه بۆ زۆنگاوه‌كانی عێراق ڕوو له به‌رزبوونه‌وه بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی ده‌ریایش سوێره و بڕێكی زۆر خوێی تێدایه، به‌وهۆیه‌وه زیانی گه‌وره به خاكی ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت و به ته‌واوی بێ كه‌ڵكی ده‌كات و ناتوانرێ هیچ جۆرێكی كشتوكاڵی لێ ئه‌نجام بدرێت.
به‌سڕه كه دووه‌م گه‌وره‌ترین شاره له عێراق و كه‌وتووه‌ته سه‌ر ده‌ریاوه و له‌وپه‌ڕی باشووری وڵاته‌كه‌دایه، جاران ده‌رفه‌تی كاری بۆ خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری پارێزگه‌كه‌یش ده‌ڕه‌خساند، به‌ڵام ئێسته خه‌ڵكی خودی پارێزگه‌كه زۆرینه‌یان بێكارن و به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌مه‌یش به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی دیجله و فورات و لقه‌كانیه‌تی له‌لایه‌كه‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش وشكه‌ساڵی و كه‌می بارانبارینه، كه وایكردووه خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌توانن كشتوكاڵ بكه‌ن و به ماسیگری له ئاوی سازگار خه‌ریك بن، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌ی پۆل پۆل پارێزگه‌كه جێ ده‌هێڵن و ڕوو له پارێزگه‌كانی تری عێراق ده‌كه‌ن.
ئه‌و به‌سڕه‌یه‌ی ئێسته به‌ره‌و وێرانبوون هه‌نگاو ده‌نێت، ڕۆژانێك گرنگترین مه‌ڵبه‌ندی بازرگانی و كشتوكاڵكردن بوو له ته‌واوی جیهان، ته‌نانه‌ت ئیبن به‌تووته له گه‌شتنامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، كه به‌سڕه گه‌وهه‌رێكی به‌نرخه له ناوچه‌كه و جیا له هه‌ڵكه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌ریا، باخ و بێستان و كێڵگه كشتوكاڵییه‌كان ناوچه‌كه‌یان داپۆشیوه و سه‌وز ده‌چنه‌وه و ساڵانه به‌روبوومێكی زۆر ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه. ئێسته دۆخه‌كه به ته‌واوی پێچه‌وانه‌بووه‌ته‌وه.
پیشه‌سازی نه‌وت و پابه‌ندنه‌بوون به پاراستنی ژینگه‌یش له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی به‌سره بووه‌ته هۆكارێكی تر بۆ پیسبوونی ژینگه‌ی ناوچه‌كه و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما، بێباكی حكوومه‌تی ناوخۆیی و حكوومه‌تی فیدڕاڵ و به‌هاناوه‌نه‌چوونی خاك و خه‌ڵكی ناوچه‌كه، هه‌موو ئه‌مانه وایانكردووه كه ڕۆژ دوای ڕۆژ شوێنه‌واری وێرانه‌یی زیاتر به خاكی به‌پیتی به‌سڕه ده‌ربكه‌وێت.
به گوێره‌ی ڕاپرسییه‌كانی ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو ساڵانه ڕێژه‌ی 12% كۆچبه‌ران له ناوخۆی عێراق ڕوویان له به‌سڕه ده‌كرد و زێدی خۆیان جێده‌هێشت، به‌ڵام ئێسته دیارده‌كه به ته‌واوی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی پۆل پۆل زێدی خۆیان جێده‌هێڵن و ڕوو له شاره‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كه‌ن.