هێزەكانی ئۆكراینا 30 شار و شارۆكە رزگار دەكەن

:: AM:09:38:10/09/2022 ‌
لەوەتەی رووسیا هێرشی كردە سەر ئۆكراینا و تا ئەمدواییەیش ژمارەیەكی شار و شارۆكەی ئەو وڵاتەی داگیر كردبوو، جیا لە كوژرانی هەزاران كەس، ماوەی چوار رۆژە سوپای ئۆكراین هێرشی پێچەوانەی كرد و تا ئێستە 30 شار و شارۆكەی رزگار كردووەتەوە، شەڕیش بەردەوامە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 10ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی دوێنێ سەرۆكی ئۆكراینا ڤۆڵۆدمێر زیلینسكی رای گەیاندووە، لە ماوەی سێ رۆژدا هێزەكانمان توانیویانە 30 شار و شارۆكە كە رووسیا داگیری كردبوون، رزگار بكەنەوە. رووسیایش دەڵێ ئۆكراینا تەنیا توانیویەتی چەند كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون كۆنترۆڵ بكاتەوە.

سەرۆكی ئیدارەی سەربازیی رووسی لە خاركیڤ فیتالی جانچێڤ گوتوویەتی، راستە هێزەكانی ئۆكراین هەندێك هاتوونەتە پێشەوە، تەنیا توانیویانە چەند كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون كۆنترۆڵ بكەنەوە، ئێستەیش كە تۆپبارانێكی چڕی ئۆكرانی لە خاركیڤ دەكرێ، بۆیە ئێستە هەوڵی رزگاركردنی خەڵكی سڤیلی ناوچەكە دەدەین.

هاوكات وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لوید ئۆستن دووپاتی كردووەتەوە، هێزەكانی ئۆكراینا توانیویانە سەركەوتنێكی گەورە لە بەرەكانی خێرسۆن و خاركیڤ بەدەست بێنن.

وەزیرەكەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتاكەی وەزیری بەرگریی چیك لە پراگ گوتوویەتی، ئێستە  سەركەوتنێكی گەورە لە خێرسۆن دەبینین، هاوكات هەمان سەركەوتن لە خاركیڤیش بەهەمانشێوە، ئەمەیش هاندانێكی جۆریی هێزەكانی ئۆكراینە كە دەتوانن سەركەوتنی گەورەتیش بەدەست بێنن.

لەلایەكی تریشەوە دەستەی ئەركانی گشتیی ئۆكراینا دوێنێ رای گەیاندبوو، هێزەكانی رووسیا لە پاشەكشەدان و ئێستە هەوڵی ئەوە دەدەن برینداران و كەلوپەلە سەربازییەكانیان بگوازنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی سوپای ئۆكراین توانیویەتی بە خێرایی بچێتە پێشەوە و شوێنە داگیركراوەكانی رزگار بكاتەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 50 كلیۆمەترمان لە خاكەكەمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە و خەڵكی خۆمان رزگار كردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د