سەدر رازییە پێشوازی لە شاندە سێقۆڵییەكە بكات

:: PM:11:39:18/09/2022 ‌

بڕیارە لە دوای كۆتاهاتنی چلەی ئیمام حوسێن، هەوڵێكی رژد بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە عێراق دەست پێ بكات، باسی پێكهاتنی شاندێكی باڵای سێقۆڵی كورد و شیعە و سوننە دەكرێت، شاندەكە سەردانی موقتەدا سەدر لە نەجەف بكات، بۆ گفتوگۆ و زانینی هەڵوێستی سەدر و رازیكردنی بە بەشداری لە حكوومەتی نوێ.

وەفا محەمەد كەریم، كادیر لە پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند كە موقتەدا سەدر لەسەر پێشوازیكردن لە شاندە سێقۆڵییەكەی شیعە و كورد و سوننە رازی بووە، لەوانەیش هادی عامری، نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
كردنەوەی دەروازەیەكە بە ئاراستەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ
ئەو كادیرەی پارتی روونی كردەوە، سەدر لەسەر پێشوازیكردن و دیداری هادی عامری و محەمەد حەلبووسی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رازی بووە.

دووپاتی كردەوە، تا ئێستە وادەی دانیشتنەكە دیاری نەكراوە، بەڵام رەزامەندی سەدر پێشوەچوونێكی ئەرێنییە بۆ گوێگرتن لە داواكارییەكانی سەدر و رێخۆشییە بۆ رێككەوتن لەسەر شێوە و تەمەنی حكوومەتی نوێ، كە پێشتر سەدر دەرگەی خۆی بە تەواوەتی داخستبوو، بۆیە قبووڵكردنی بە پێشوازی لە شاندەكە دەستكەوتێكی باشە، بەتایبەتی كە دەزانێت هەگبەی شاندەكە چی تیادایە، بۆیە قبووڵكردنەكە، كردنەوەی دەروازەیەكە بە ئاراستەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشكرای كرد، رەنگە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەركۆمار بكەوێتە دوای رەزامەندی سەدر و رێككەوتن لەگەڵ شاندەكە، ئەوكات دەكرێت دانیشتنی پەرلەمان و دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران ساز بكریت، بەڵام پارتی و سیادە بۆ دەنگدانیان بە حكوومەتی نوێ، بێ رەچاوكردنی وردەكاریی دیداری سەدر و ئەنجامەكانی، مەرجیان بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە و دەبێت جێبەجێیان بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل