پێویستە ئەو جۆرە پیاوانە قاوە بخۆنەوە؟

:: PM:09:57:20/09/2022 ‌

قاوە یەكێكە لە خواردنەوە بڵاوەكان لەسەر ئاستی دنیا، مادەی كافایینی تیادایە و لەگەڵ چا دوو خواردنەوەن زۆرینەی كۆمەڵگە و گەلانی دنیا رۆژانە دەیانخۆنەوە، چەندان سوود و رەنگە زیانیشیان هەبێت، توێژینەوەیەكی نوێ دەڵێت، ئەو پیاوانەی شێرپەنجەی پرۆستاتیان هەیە، دەكرێت سوود لە قاوە ببینن و تەمەنیان درێژتر بێت.

د. جوستین گریگ، پسپۆڕی گرێ و نەخۆشییەكانی رێڕەوی میز لە سەنتەری ئەندرسۆن بۆ شێرپەنجە لە زانكۆی تەكساس لە هیوستن دەڵێت، رەنگە زۆرێك پرسیار بكەن ئاخۆ چۆن دەتوانرێت گەشەی شێرپەنجە هێواش بكرێتەوە یان رێگری لە گەشەكردنی بكرێت؟، لەوكاتەی زۆر گرنگی بە دۆزینەوەی رێگەیەك لە رێگەی سیستمی خۆراك دەدرێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كە تووشی بوونە.

لە توێژینەوەكانی پێشوو باسی ئەوە كراوە كە قاوە مادەی دژە ئۆكسێنەری تیادایە و كار دەكاتە سەر هەوكردن، لە توێژینەوە نوێیەكە باسی شێرپەنجەی پرۆستات كراوە، كە یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە لە پیاودا، شیكردنەوە بۆ حاڵەتی زیاتر لە 5700 كەس كراوە، زانیارییەكان لە حەوت توێژینەوە وەرگیراون.

ئەو كەسانە لەوانە بوونە كە شێرپەنجەكەیان هەبووە، یان لێ چاك بوونەتەوە یان لە لەشیان بڵاو بووەتەوە، داوایان لێ كراوە باسی خۆراك و خواردنەوەیان بكەن، بەتایبەتی خواردنەوەی قاوە، بۆیە دەركەوت كە خواردنەوەی زۆری قاوە، بووەتە هۆی زیاتر ژیانی تووشبووان بە شێرپەنجەی پرۆستات لەوانەی وەك بۆماوە تووشی بوونە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل