پەرلەمانتارێكی پارتی: بۆ دانیشتنی پەرلەمان پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەدرییەكان بكرێت

:: PM:04:29:22/09/2022 ‌

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی باڵای سێقۆڵی سەردانی موقتەدا سەدر لە نەجەف بكات، ئەوان بەدوای چارەسەرێك بۆ داخرانی سیاسی لە عێراق دەگەرێن، تا دوای ئەو كۆبوونەوەیش ئەوەی هەیە تەنیا قسەی راگەیاندن و سۆشیال میدیایە، پەرلەمانتارێكی پارتی دووپاتی دەكاتەوە كە بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر بكرێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، پارتی سوورە لەسەر بیرۆكەیەكی سەرەكی، ئەویش سازكردنی هەر دانیشتنێكی پەرلەمان پێویستی بە گفتوگۆ لەگەڵ رەوتی سەدر هەیە.

روونی كردەوە، دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و رێككەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر هەیە، دووپاتی كردەوە كە سەدرییەكان خاوەنی 73 كورسی پەرلەمان بوون و سەنگێكی گەورەیان لە ناو و لە دەرەوەی پەرلەمانیش هەیە. 
دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و رێككەوتن لەگەڵ سەدر هەیە
سوبحی ئاشكرای كرد كە هیچ وادەیەكی دیاریكرداو بۆ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نییە، ئێمەیش هیوامان ئەوەیە رێككەوتنێكی سیاسی دروست ببێت لەپێناو دانانی نەخشەرێگەیەك و دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.

شایەنی باسە جیا لە گوشاری جۆراوجۆر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایەكی بە واژووی زیاتر لە 180 ئەندام پێشكەیش محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان كردووە، بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان، لەوانە بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەركۆمار و راسپاردنی كاندیدی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام بەپێی راپۆرتەكان زەحمەتە ئەو بابەتە لە ماوەی ئەم مانگەدا دەستی پێ بكرێت.

بەپێی راپۆرتەكان، بەشێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن دانیشتنی پەرلەمان ئەگەر دەستیش پێ بكاتەوە، كە زەحمەتە و سەدرییەكان رێگەی پێ نادەن، تەنیا دانیشتنی ئاسایی دەبێت، لەلایەكی تر ئەوان دەڵێن زەحمەتە دانیشتن تا دوای 28ی ئەم مانگە بكرێت، كە دادگەی فیدراڵ بۆ یەكلاكردنەوەی دەستووریبوونی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدری دیاری كردووە، ئەوە جیا لەو هەواڵانەی باسی ئەوە دەكەن رەوتی سەدر راستەوخۆ حەلبووسی لە دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان وریا كردووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل