فوئاد حوسێن: تا ئێستە هەڕەشەی داعش بەردەوامە

:: PM:05:48:22/09/2022 ‌

شەڕێكی رانەگەیندراو لە عێراق هەیە و رۆژانە لە میدیاكان هەواڵی شەڕ و كوشتنی ئەندامانی داعش بڵاو دەبێتەوە، بەدەر لەوەی جێی پرسیارە ئاخۆ داعش بۆچی لەناو ناچێت؟، ناوە ناوە هێرش دەكات و كوژراویش هەیە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، تا ئێستە داعش هەڕەشەیە و پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا تا كاتی لەناوبردنی لە راوەدوونانی بەردەوام بن.

لە دیدارێكی تۆڕی هەواڵی "فۆكس"ی ئەمەریكی لەگەڵ  فوئاد حوسێن لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ئەو گوتی، پێویستە بابەتەكە بە رژدی وەربگرین، چونكە ئەوان كە دەستیان پێ كرد كۆمەڵێكی بچووك بوون، مەبەستی لە داعشە، بۆیە نابێت رووبەڕووبوونەوەی داعش تەنیا بە رێگە سەربازییەكان بێت، بەڵكو دەبێت وەك ئایدۆلۆجیا رووبەڕوو بكرێتەوە و ئەوەیش پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، چونكە لە كۆتاییدا داعش هەڕشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی.
داعش هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی
ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە 2017 لە عێراق و لە 2019 لە سووریا سەركەوتنیان بەسەر رێكخراوی داعش راگەیاند، ئەوەیش دوای كۆنترۆلكردنی دوایی پێگەی لە سووریا لە باغووز، بەڵام تا ئێستە جموجۆڵ و چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە بەردەوامە، ئەوان سوود لە هەموو هەلێك دەبینن بۆ خۆرێكخستنەوە و راكێشانی ئەندامی كۆن و نوێ، بەتایبەتی سوود لە كەمپی هۆل لە سووریا دەبینن، كە هەزاران ماڵباتی داعشی تیادایە.

لە ماوەی دواییدا جەنەرال مایكل كۆریلا، فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا وریایی لەوە دا كە كەمپی هۆل بووەتە زەوینەیەكی لەبار و گونجاو بۆ پێگەیاندنی ئەندامانی داعش، وەزیری دەرەوەی عێراق هاوڕایە لەگەڵ كۆریلا و گوتی، ئەو كەمپە هەڕەشە بۆ سەر چەند وڵاتێك دروست دەكات و ئەگەر چارەسەر نەكرێت، جارێكی تر ئەندامانی داعش لە سووریا ئازادانە دەست بە جموجۆڵ دەكەنەوە و دەست پێ دەكەنەوە و بەرەو عێراقیش دزە دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل