ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی په‌رله‌مانی ئێران هاك كرا

:: PM:03:55:25/09/2022 ‌
هاككه‌ران بۆ پشتیوانی له‌ خۆپێشانده‌ران، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ و ماڵپه‌ڕی گرنگی ئێرانیان هاك كردووه‌.

له‌ نوێترین هێرشی سایبه‌ری هاككه‌ره‌كان بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران، توانراوه‌ سایتی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ كار بخرێت و ته‌واوی زانیارییه‌كان و ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌كانی په‌رله‌مانتارانیش ئاشكرا بكرێن.

گرووپی ئانانیمۆس به‌ناوبانگترین هاككه‌ر بووه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا چالاكی هه‌بووه‌، پێش ئه‌و چالاكییانه‌ش به‌ فه‌رمی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كردبوو تۆڵه‌ ده‌ستێنێته‌وه‌.

سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ژماره‌ سێی ئێران كه‌ كه‌ناڵێكی فه‌رمیی و پڕ بینه‌ره‌، هاك كرا و له‌ كاتی پرۆگرامه‌ ئاساییه‌كانیدا، كچێك به‌ بێ له‌چك هاته‌ سه‌ر شاشه‌ و به‌ گوتنه‌وه‌ی دروشمی جیاواز بۆ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ی كۆنترۆڵ كرد.

خه‌ڵك له‌ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ وێنه‌ی هێرشه‌ سایبه‌رییه‌كه‌یان گرت و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویان كرده‌وه


خه‌ڵك له‌ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ وێنه‌ی هێرشه‌ سایبه‌رییه‌كه‌یان گرت و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌. هێرشه‌ سایبه‌رییه‌كان بۆ سه‌ر ئێران دوای ئه‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد كه‌ خۆپێشاندان زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێرانی گرته‌وه‌، حكوومه‌ت راسته‌وخۆ ته‌قه‌ی له‌ خه‌ڵك كرد و ده‌یان كه‌سی كوشت.

ژینا "مه‌هسا" ئه‌مینی كه‌ خه‌ڵكی سه‌قز بوو، له‌ 13ی ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ براكه‌ی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له‌ نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به‌ پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گیران به‌ بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و دوای سێ رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، گیان له‌ ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب له‌ رێ له‌ سه‌ری دراوه‌، بۆیه‌ تووشی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ بووه‌. 

رۆژی شه‌موو 17ی مانگ به‌ به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له‌ دانیشتووانی سه‌قز، ته‌رمی ژینا به‌خاك سپێرا. رۆژی دووشه‌م 19ی مانگ مانگرتنی گشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو و له‌و كاته‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ش خۆپێشاندان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران درێژه‌ی هه‌بووه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ دوای ئێواران گه‌رموگوڕتر بوون.


وشە - سلێمان تاشان