بەمنزیكانە درزی نەهێشتنی دووگیانی بەرهەم دێت

:: PM:11:02:26/09/2022 ‌

یەكێك لە كێشەی هاوسەران سنوورداركردن و رێكخستنی وەچەخستنەوەیە، كاتێك لەبەر چەندان هۆكار هاوسەرانی دەیانەوێ كۆنترۆلی منداڵبوون بكەن، ئێستە چەند ئامرازێك بۆ رێگرتن لە دووگیانی هەیە، زۆرینەیان پێوەستن بە ژنەوە و كاریگەری خراپیان بۆ سەر تەندروستی هەیە، توێژەرانی هیندستان درزییەكەیان داهێناوە پیاو بەكاری دێنێت، بۆ ماوەی 10 ساڵ كاریگەرە و رێگری لە دووگیانی دەكات.
زیانێكی ئەتۆی نییە و راستەوخۆ سپێرمەكان دەكاتە ئامانج
توێژەران لە پەیمانگەی هیندستان بۆ زانست، درزییەكەیان داهێناوە، كە ئێستە لە قۆناغی تاقیكردنەوەی كلینیكیدایە و نزیكە لە بەكارهێنان، پیاوان بەكاری دێنن و كاریگەری بۆ 10 ساڵ بەردەوام دەبێت، درزییەكە كلكی سپێرمەكان لەناو دەبات و رێگریان لێ دەكات لە پیتاندنی هێلكۆكە، بەو شێوەیە ئەو مەترسییە لەسەر ژنان لادەچێت، پیاوانیش لە كۆڵ نەشتەرگەری بڕینی بۆری گواستنەوەی تۆ دەبنەوە.

ئەوەی شتێكی باشترە پیاوەكان لە دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر وەرگرتنی درزییەكە كە ناوی "Risug"ە، توانای وەچەخستنەوەیان بۆ دەگەڕێتەوە، سەبارەت بە زیان و كاریگەرییە خراپەكان، دەركەوتووە كە هیچ زیانێكی ئەتۆی نییە و راستەوخۆ سپێرمەكان دەكاتە ئامانج.

سەبارەت بە كاتی خستنەرووی بۆ بەكارهێنانی و نرخەكەی، بەپێی زانیارییەكان كاتی خستنەڕووی نزیك بووەتەوە، واتە تا 12 مانگی تر، ئەوەیش لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەكارهێنان، هەرچی نرخەكەیەتی، رەنگە تۆزێك كران بێت، چونكە نرخی مادەی بەكارهاتوو لە درزییەكە گرانە، جیا لەوەی كاریگەرە و بۆ ماوەی 10 ساڵیش كار دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل