كازمی: نابێ فیشەكی زیندوو و مەتاتی لە دژی خۆپێشاندەران بەكار بێت

:: AM:09:37:01/10/2022 ‌
نووسراوێك لە نووسینكەی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا هاتووە، هێزە تەناهییەكان بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە فیشەكی زیندوو و مەتاتی، هاوكات بۆمبی دووكەڵ لە دژی خۆپێشاندەران بەكار بێنن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو یەكی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو نووسراوەی لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی، هێزە تەناهییەكان ئاگادار كراونەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە فیشەكی زیندوو و مەتاتی و بۆمبی دووكەڵ، لە دژی خۆپێشاندەران بەكار بێنن كە خۆپێشاندانی ئاشتی بەڕێوە دەبەن، هاوكات رێ نادرێ خۆپێشاندەر چەكی پێ بێت و خۆپێشاندان بكات.

نووسراوەكەی كازمی لە چەند خاڵێك پێكهاتووە كە تەواوی دەسەڵاتەكانی ئاگادار كردووە كە ئەگەر سەرپێچی بكرێت، سزای توندی بەدواوە دەبێت. هەر لە خاڵی یەكەمی نووسراوەكەیدا، هێزە تەناهییەكان ئاگادار كراونەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە فیشەكی زیندوو و مەتاتی و بۆمبی دووكەڵ،.

لە خاڵی دوایدا هاتووەتە بۆ خۆپێشاندەرانیش نییە لە كاتێ خۆپێشانداندا چەك بەكار بێنن و بۆ ئەوەیش لیژنی تایبەت بۆ پشكنین پێكهاتووە، هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات، زۆر بەتوندی سزا دەدرێت. 

لە خاڵێكی تردا هاتووە، دەزگاكانی تەناهی و سەربازی ئەركیان ئەوەیە تەواوی بەرپرسەكانیان ئاگادار بكەنەوە كە پارێزگاری لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان بكەن. هاوكات مەفرەزەی تایبەت پێكدێ كە پشكنینی ورد بكەن كە بەهیچ شێوەیەك چەك لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان نزیك نەبێتەوە.

لە خاڵێكی نووسراوەكەی كازیم ئەوەش هاتووە، ئەركی هێزەكانی تەناهییە تەواوی بارەگا و فەرمانگەكان بپارێزن لە دەستدرێژی لەلایەن كەساڵی گێرەشێوێن یان كاری تێكدەرانە.

دواتریش سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نووسراوەكەیدا فەرمانی كردووە كە تەواوی فەرماندەكان لە شوێنەكانیان دەوام دەكەن و بەرپرسن لە هەر كەموكوڕییەك.

دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق زۆر ئاڵۆز بووە و لایەنە سیاسییەكان تا ئێستە لە ململانێدان و نەیانتوانیوە حكوومەتی نوێی پێكبێنن، بەتایبەتی رەوتی سەدر و تشرینییەكان ئامادەییان بۆ خۆپێشاندانی گەورە كردووە كە بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا و زۆر شاری وڵات بەڕێوە بچێت. پێشریش لە خۆپێشاندانەكاندا توندوتیژی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەكانی تەناهی دروست بووە و چەندان كوژراو و برینداری لێ كەوتبووەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د