كورد دڵی بەوە خۆشە سەركۆمار كوردە.. بەرهەم ساڵح بۆچی بێدەنگە؟

:: PM:09:52:01/10/2022 ‌

بەرهەم ساڵح، لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی و بۆ ئەوەی بتوانێت دڵی وڵاتانی دراوسێ بەدەست بێنێت، بە تایبەت ئێران، بۆ بوونەوەی بە سەركۆماری عێراق، كوردایەتییەكەی تەواو پشت گوێ خستووە، رۆژانە سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق پێشێل دەكرێ و زیانی گەورەی گیانی و مایەكی دەكەوێتەوە، بەڵام ناتوانێت بە رۆڵی خۆی هەستێت، ئەمەیش تەنیا لەپێناو كورسی و دەسكەوتەكانی خۆی.

سەرەڕای بێ هەڵوێستی و لاوازیی لە ئاست رووداو و پێشهاتەكان، بەرهەم ساڵح بووەتە كێشە و گرفتی گەورە لەسەر ئاستی عێراق، بەشێكی هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتە دوای نزیكەی یەك ساڵ، هەروەها بووەتە هۆی تێكچوونی پێوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و خراپیی ناوماڵی كورد.

جیهاد حەسەن، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، جێگەی داخە كە پۆستێكی وەك سەركۆماری عێراق لە پشكی كوردە و كەسێكی كورد لەو پۆستەدایە، كەچی تا ئێستە هێندەی مسقاڵە زەڕەیەك سوودی  بۆ كورد و كوردستان نەبووە، بەرانبەر ئەوەی لە لایەن عێراق و دراوسێكانی بەسەر كورد دێت، تا ئێستە بەرهەم ساڵح نەیتوانیوە هەڵوێستی رژد و گرنگی هەبێت، بەتایبەتی لە رووداوەكانی ئەم دواییە، كە لە لایەن ئێرانەوە مووشەكبارانی هەرێم كرا و قوربانی زۆری هەبوو.
تەنیا ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت بۆ بەرژەوەندییەكانی دەست بە كورسییەكەیەوە بگرێت
زیاتر گوتی، ئەو چەند ساڵەی بەرهەم ساڵح سەركۆمار بووە، سوودی بۆ كورد و عەرەبیش نەبووە، جگە لە بەرژەوەندییەكانی خۆی، تەنانەت هیچ سوودێكی بۆ حزبەكەی خۆیشی نەبووە، بۆردمانی هەرێم كرا و بەردەوام ودووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەو نەیتوانیوە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەر و دیبلۆماسی بگێڕێت، بۆیە تەنیا ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت بۆ بەرژەوەندییەكانی دەست بە كورسییەكەیەوە بگرێت.

"ئەوەی پارتی دەیەوێ لەبارەی سەركۆمارەوە، بۆ رۆژێكی ئاوا بوو كە دەمانەوێ كەسێكی كوردپەروەر و بەرژەوەندی میلەتی بوێت، هەر لەبەرئەوەیە پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكات و رازی نەبووە بەوەی بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراق بێت، چونكە سەركۆمار لە چوارچێوەی دەستوور و خزمەتكردن بە كورد كاری باشی پێ دەكرێت، كەچی ئەو تەنیا پۆستەكەی بۆ خزمەتی خۆی بەكار دێنێت، بۆیە دەبێت دەست لە بەرهەم ساڵح بشۆردرێت و كوردایەتی لەو كەسەدا نییە"، جیهاد حەسەن، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر كەس بەرپرس و دەسەڵاتدار و خاوەن پێگە بوو، دەبێت بە كاری خۆی هەستێت و هەڵوێستی رژد و كاریگەری لەمەڕ رووداوەكان هەبێت، بەتایبەتی دەستدرێژی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی سەروەرییەكەی.

روونی كردەوە، بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقە و پێگەیەكی بەهێز و گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق، بەرپرس واتە بەرپرسیاریەتی بزانێت و بە بەرپرسیاریەتی هەستێت، بەرهەم ساڵح ئەمەی نەكردووە و بە بەرپرسیاریەتی هەڵنەستاوە، هەر كەسێكیش بە بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵنەسێت بە بەرپرس دانانرێت.

پێوەست بەو بابەتە تەحسین محەمەد، چالاكی سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، میلەتی كورد دڵی بەوە خۆشە كە كەسێك لە پێگەیەكی بەرز كە سەركۆمارە، پشتگیری و پشتیوانی دۆزی رەوای كورد و خاك و ئاڵای كوردستان دەكات، بەڵام ئەمە پێچەوانەكەی راستە، هەر ئەو كوردە لەسەر ئەو رووداو و پرس و بڕیارانەی بەرانبەر بە كوردستان كراوە بێدەنگ و بێدەسەڵات بووە.

دووپاتی كردەوە، لە ماوەی چوار ساڵی سەركۆماری بەرهەم ساڵح، چونكە نەیتوانیوە لە ئاست چاوەڕوانی كورد بێت، نەیتوانیوە بەپێی دەستوور كار بكات و دەستوور جێبەجێ بكات، ئەمە زیاتر بەرژەوەندویستی خۆیەتی نەك بەرژەوەندی گشتی و میلەت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل