نەوەی نوێ‌ دەستەكەی كەشف بوو

:: PM:01:18:02/10/2022 ‌
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، كاركردن لە نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەست پێ دەكات، نەوەی نوێش دەستەكەی كەشف بوو كە بەڵێنەكەی نەبردە سەر.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی تشرینی یەكەم، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە نیشتەجێكردن بڵاوی كردووەتەوە، تیمەكانی سەربە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە پارێزگای سلێمانی، لەكاركردن لە پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەكار بوونە. 

ژمارەیەك پڕۆژە لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، ژمارەیەك پڕۆژەش كاركردن تێیاندا بەردەوامە.
باس لەوەش كراوە، ئەنجامدانی پڕۆژەكە دوای ئەوە دێت، پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022دا رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی بڕی 187 ملیۆن دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان. 

ئاشكرا كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردانێكی مەیدانی بۆ تونێلی دەربەندیخان، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەڵێنی دا تونێلەكە نۆژەن بكرێتەوە، ئێستەش كاركردن بۆ دروستكردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە. 

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بۆ هاووڵاتییان روونی دەكەینەوە، دوای ئەوەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كرد بۆ كاركردن لە نۆژەنكردنەوەی تونێلەكە، وەك وەزارەت وەڵامیان درایەوە كە ئەگەر رژدن و بە ڕاستییانە، با بێن كارەكە بكەن و ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان پێ درا، بەڵام راستگۆ نەبوون و نەهاتنە پێشەوە، كارەكەیان نەكرد و لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبوون، تەنیا نمایش و بانگەشەیەكی راگەیاندنیان بەڕێوە برد بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك. 

ئەوەیش باس كراوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە سەرجەم ناوچەكان، لەو چوارچێوەیەشدا بایەخی گرنگی بە سنووری دەربەندیخان و گەرمیان داوە، بەجۆرێك وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ماوەی ئەم كابینەیەدا، زیاتر لە هەشت جار پڕۆژەكانی سنوورەكەی بەسەر كردووەتەوە و ژمارەیەك پڕۆژە لە سنوورەكە جێبەجێ كراون، ژمارەیەك پڕۆژەش كاركردن تێیاندا بەردەوامە. 

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەك پێشتریش بەڵێنمان دابوو لە ئایندەیەكی نزیكدا، پڕۆژەی رێی ناوتاق لە دەربەندیخان دەست پێ دەكات، بۆ ئەوەی تا دروستكردن و تەواوبوونی تونێلی دووەمی دەربەندیخان، وەك رێیەكی جێگرەوە هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.











وشە - رامیار جەواد