جه‌ڵته‌ی دڵ و وه‌رزش

:: PM:01:30:02/10/2022 ‌
د. شوان ئه‌مین

ئاشکرایە هەموو پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دڵ، هەمیشە پێداگری لە چالاکیی جەستەیی و وەرزشکردن دەکه‌ن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ.

ئاشکرایە ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکان لە ئەنجامنەدانیان باشترە، سەرەڕای هەبوونی هەندێ کاریگەریی لاوەکی.

بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمەڵەی ئوسترالی بۆ وەرزش و چالاکییە جەستەییە تەندروستییەکان، رێنمایی وەرزشکردن دەدەن لە 2:30 سه‌عات بۆ 5 سه‌عات لە هەفتەیەکدا بە شێوەی چڕ، یان 1-2 بۆ 2.30 سه‌عات بە شێوەی سووک، ئەمەش بە شێوەیەکی زانستی سەلمێندراوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

لە دنیای ئەمڕۆدا چەندان وەرزشوان لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان تووشی مردنی لە ناکاو و نۆبەی دڵ هاتوون، ئەمەش پرسیاری جەوهەری دەربارەی کاریگەرییەکانی وەرزشکردن لەسەر دڵ دەهێنێتە ئاراوە.

لێرەدا باسی کاریگەرییە پێچەوانەکانی وەرزشکردن، دەبنە جێی باس، وەک پزیشکه‌كان پێویستە چاوکراوە بین لە کاتی قسەکردن لەسەر وەرزشکردن و چالاکی جەستەیی.

ئاشکرایە نۆبەی دڵ هەندێک جار لە کاتی فشارخستنێکی زۆری جەستەیی بۆ سەر دڵ دروست دەبێت، بەو واتایەی دەکرێ لە کاتی وەرزشکردن و چالاکی جەستەیی کەسێک بە هۆی فشاری زۆرەوە تووشی نۆبەی دڵ ببێت.

ئەمە پیشاندەری بڕێک مەترسی وەرزشکردنی زۆرە بۆ سەر دڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێتە هۆکارێک بۆ وازهێنان یان نەکردنی چالاکی وەرزشی.

بەڵکو راستتر وایە بڵێین ئەنجامدانی وەرزشێکی زۆر و لە ناکاو، رەنگە هۆکار بێ، بەڵام وەرزش و چالاکی جەستەیی بە شێوەیەکی بەردەوام و قۆناغبەندی (بەرە بەرە) پارێزەر بێت.

ئەمەش ئەو راستییە زانستیە دەردەخات، ئەگەری تووشبوون بە نۆبە، لە کاتی زۆرترین فشارە بۆ دڵ.

چی لەسەر ئێمە پێویستە ؟ 
لە پای رێکخستنی شێوازی ژیان و خواردن و وەرزشکردن، بە هەند وەرگرتنی نیشانە جەستەییەکانە، لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیک پشتگوێی مەخە و تا هۆکارەکەیت بۆ روون نەبێتەوە، پشتگوێی مەخە.

ئەمە رەنگە وەرزشوان و چالاکوانانی جه‌سته‌یی "بە هۆی چالاکبوونیان" وا بکات درەنگتر دەرکەوتەیان هەبێت بۆ لقی پزیشک بە هۆی پشتگوێخستنی نیشانەکانیان.

نۆبەی دڵ کاتێك روودەدات، لە ئەنجامی گیرانی هەریەک لە خوێنبەرەکانی دڵه‌، رەنگە کەسی تووشبوو، تووشی مەترسییە کارەباییەکانی دڵ بێت، کە زۆر جار ناڕێکیی کارەبایی دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی لەناکاو ، رێگری لەمە بە هۆی بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی دڵە، کە هەموو کارەباییەکانی دڵ رێک دەخاتەوە و ژیانی کەسەکە رزگار دەبێت.

جیا لە هۆشیارکردنی خەڵکی گشتی لە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بوژاندنەوەی دڵ، دەکرێ راهێنان و دانانی ئەم ئامێرە کارەباییانە بکرێ لە شوێنی گشتی بۆ کەسی گشتی، بەڵکو لە کاتی هەر حاڵەتێکی لە ناکاوی دڵ، بزاندرێ چۆن و کەی ئەو ئامێرە بەکار دەهێندرێ "بێگومان بە شێوەی راهێنان و زانستی".

لە کۆتا 30 ساڵی رابردوودا هەموو جیهان تووشی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بووەتەوە لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

لە کۆتاییدا پشتگیری لە گرنگی و پێویستیی وەرزشکردن و چالاکی جەستەیی دەکەینەوە، بەڵام چۆنیەتی و چەندییەتی وەرزش و چالاکی جەستەییەکە، ئاراستەی پڕۆسەکە دەگۆڕێت و رەنگە کاریگەریی نەویستراوی پێچەوانەشی هەبێت.

خاڵی گرنگ و ئامانجی سەرەکی، بریتییە لە چالاکبوون لە رووی جەستەییەوە بە شێوەیەک زیانی پێچەوانەی نەبێت، کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە درێژخایەنه‌کانی وەک "شەکرە و فشاری خوێن"، هه‌روه‌ها پشتگوێنەخستنی هیچ نیشانەیەکی نوێ، یان دووبارە بووەوە، بۆ دڵنیا بوون لە تەندرووستی دڵ.

*پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ.



وشە - وشه‌