ڤیدیۆ...یاریزانێكی هۆڵه‌ندی بووه‌ موسڵمان و قورئان ده‌خوێنیت!

:: PM:03:54:02/10/2022 ‌
داڤی ڤان دێن بێرگ یاریزانی یانه‌ی زڤوله‌ی هۆڵه‌ندی، بە ڤیدیۆیه‌ك لە یاریگه‌دا، كه‌ بە دەنگێکی جیاواز قورئان دەخوێنێتەوە، سۆشیال میدیای داگیر كرد.

داڤی ڤان دێن بێرگی هۆڵەندی، لە یەکێک لە یارییەکاندا لە بەردەم کامێرا دەرکەوت و بە شێوازێکی جیاواز ئایەتەکانی سورەتی "ئه‌لنازعات"ی قورئانی پیرۆز دەخوێنێته‌وه‌.

بە پێی زانیاریی میدیاکان، داڤی ڤان دێن بێرگی تەمەن 22 ساڵان، چەند مانگێک لەمەوبەر موسڵمان بووە، هەروەها ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی لەبه‌ر کردووە.

ئەو یاریزانە هۆڵەندییە چونکە دایکی لەناکاو کۆچی دوایی کرد، تووشی شۆکێکی بەهێز بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووە هۆی موسڵمانبوونی. 

ڤان دێن بێرگ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ده‌ڵێت: بەشێکی گەورەی ژیانم لەدەست دا، تەمەنم تەنیا 15 ساڵ بوو، باوەڕم نەدەکرد دوای مردن شتەکان نەگەڕێنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد "شته‌كانم به‌ ترسناک ده‌زانی، بیرم لەوە کردەوە دایکم چەندە خێرا کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی شێرپەنجەوە رۆیشت، بۆیە چی روودەدات ئەگەر منیش بڕۆم، نەمده‌توانی بخەوم".

لە کۆتاییدا گوتی "بیرم له‌ شتی نوێ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ باسكردنیان لەم کاتەدا زه‌حمه‌ته‌، بۆی هه‌ر ده‌چوومه‌ ژووره‌كه‌م و نوێژم دەکرد".

ڤان دێن بێرگ لە ساڵی 2008 وه‌ك یاریزانێكی پیشەگه‌ر پێوەندیی بە ریزەکانی یاریزانانی ئایندهۆڤن كرد، پاشان له‌ 2019 رووی لە یانەی ئۆترێخت کرد به‌ گرێبه‌ستێك بۆ سێ ساڵ و نیو، بە خواستن بەرەو یانەی رۆدا رۆیشت.

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی 2021-2022، ڤان دێن بێرگ به‌ گرێبه‌ستی دوو ساڵ رووی لە ریزەکانی یانه‌ی زڤوله‌ کرد و ئێسته‌ش هه‌ر له‌وێدا یاریی ده‌كات.



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا