پێنج ساڵ به‌سه‌ر كۆچیی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری پێشووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌كاته‌وه تا ئێسته یه‌كێتی به چه‌ندان هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیوه له كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌وه تا ده‌گاته ده‌ركردنی هاوسه‌رۆكی گۆڕینی سیستمی حزبه‌كه.
یه‌كێتی دوای مام جه‌لال
سبه‌ی سێی ئۆكتۆبه‌ر، پێنج ساڵه، جه‌لال تاڵه‌بانی كۆچی دوایی كردووه، بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گورزێكی گه‌وره بوو، چونكه سه‌رباری ئه‌وه‌ی حزبه‌كه كۆ نه‌كرایه‌وه، له هه‌مانكاتدا چه‌ندان كێشه‌ی نوێ رووی له حزبه‌كه كرد.
ئێسته یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای ململانێیه‌كی زۆر له ده‌ستی كوڕه‌كانی تاڵه‌بانییه و بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. له چه‌ند ساڵی رابردوودا رۆڵی به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سووڵ كه ئه‌و كاته جێگری سكرتێری گشتیی بوون به ته‌واوی په‌راوێز خران.
له دوای كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌رهه‌م ساڵح له یه‌كێتی جیا بووه‌وه و دواتر به مه‌رجی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار گه‌ڕایه‌وه. یه‌كێتی تا گه‌یاندی به ساڵی 2019 زۆرترین كێشه‌ی رووبه‌ڕووبوویه‌وه، دواتر سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه بۆ ده‌ربازبوون له كێشه‌كان كۆنگره‌یان به‌ست.
كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019، گۆڕانكاری زۆری كرد، سیستمی سكرتێری كرده هاوسه‌رۆكی و هه‌ریه‌كه له بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوور جه‌نگی كران به هاوسه‌رۆك، به‌ڵام ئه‌و سیستمه زۆری نه‌برد و كێشه كه‌وته نێوان هاوسه‌رۆكان كه له ئه‌نجامدا لاهوور جه‌نگی و داروده‌سته‌كه‌ی له یه‌كێتی ده‌ركران.
ئێسته یه‌كێتی له قۆناغی بافڵ تاڵه‌بانییه و به چه‌ندان كێشه‌وه ده‌ناڵێنێ، به‌ڵام وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن به‌و دۆخه‌یشه‌وه نه‌یهێشتووه حزبه‌كه بووه‌ستێت.
هاوڕێكانی تاڵه‌بانی
دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال، هاوڕێ نزیك و به ته‌مه‌نه‌كانی تاڵه‌بانی به ته‌واوی په‌راوێزخران، له كۆنگره‌دا ئه‌نجوومه‌نێكیان بۆ پێكهێنرا كه تا ئێسته‌یش هیچ به‌رنامه‌یه‌كی نییه، جگه له‌وه‌ی له هیچ پرسێكی سیاسیی‌دا بۆچوونیان وه‌رناگیرێ.
هاوڕێكانی تاڵه‌بانی، ئێسته زۆرجار ده‌كه‌ونه گله‌یی و ده‌ڵێن، ئه‌وه یه‌كێتی سه‌رده‌می جه‌لال تاڵه‌بانی و چه‌پكه گوڵه‌كه نییه، به‌ڵام گله‌ییه‌كه‌یان ناگاته ده‌باشان.
تاڵه‌بانی، ڕۆژی18ی دیسێمبه‌ری ساڵی 2012 له به‌غدا به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشكه‌وه باری ته‌ندروستی تێك چوو، دواتر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا كرا و دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی، رۆژی 19-7-2014 گه‌ڕایه‌وه سلێمانی.
له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێك هاتوچۆی ئه‌ڵمانیای پێی كرا به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری، دوایین جاریش مانگێك به‌ر له كۆچی دوایی بوو، تا له سێی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2017 كۆچی دوایی كرد.
ژیاننامه‌ی مام جه‌لال:
- جه‌لال حیسامه‌دین نووره‌ڵا تاڵه‌بانی، كوڕی خه‌دیجه و ناسراو به مام جه‌لال، له ساڵی 1933 له گوندی كه‌لكان له بناری چیای كۆسره‌ت له‌دایك بووه.
- ساڵی 1959 كۆلێژی یاسای له زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردووه و له كاری سیاسیش به‌رده‌وام بووه.
- له ده‌ستپێكی شۆڕشی كوردستاندا له ساڵی 1961، كه دواتر به شۆڕشی ئه‌یلوول ناسرا، رۆڵی سه‌ره‌كیی گێڕاوه.
- له ساڵانی دواتریشدا رۆژنامه‌نووس و سیاسه‌تمه‌دار و پێشمه‌رگه بووه. هه‌روه‌ها كه‌سێكی نزیكی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بووه.
- دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1971، مام جه‌لال بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی شۆڕشی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌ك چووه‌ته به‌یرووت.
- ساڵی 1976 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی له شاری دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دامه‌زراند و بووه سكرتێری گشتیی ئه‌و حزبه.
- ساڵی 1986 له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سه‌ره‌كییان له دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانی گێڕاوه و له شاری تاران رێككه‌وتنێكیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته واژوو كردووه.
- له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991ی باشووری كوردستان جارێكی تار له چوارچێوه‌ی شاندی به‌ره‌ی كوردستانیدا له به‌غدا چاوی به سه‌دام حوسێن ده‌كه‌وێته‌وه و ئه‌وجاره‌ش دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق بێ‌ئاكام ده‌بن.
- تا ئێسته یه‌كێتی سێ كۆنگره‌ی به‌ستوون، له هه‌رسێ كۆنگره‌كه‌شدا به سكرتێری گشتی هه‌ڵبژێراوه‌ته‌وه.
- له یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستاندا له ساڵی 1992 كاندید بووه بۆ رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان.
- له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام له ساڵی 2003، ئه‌ندامی جڤاتی فه‌رمانڕه‌وایی عێراق (مه‌جلیسی حوكم) و بۆ خولێكیش سه‌رۆكی ئه‌و جڤاته بووه. هه‌روه‌ها له داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا رۆڵی سه‌ره‌كیی گێڕاوه.
- رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی عێراقدا كوردێك بووه سه‌رۆك كۆمار، ئه‌و كه‌سه‌ش مام جه‌لال بوو.
- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سه‌رله‌نوێ كرایه‌وه سه‌رۆك كۆماری عێراق.
- له‌به‌رئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سازان بۆ كوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جه‌لال بووه‌وه سه‌رۆك كۆمار.
- رۆژی 18-12-2012، دوای تووشبوونی به جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشك، له به‌غدا كه‌وته نه‌خۆشخانه و دواتر به‌په‌له گه‌یه‌نرایه ئه‌ڵمانیا.
- تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كچی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ژیانی هاوژینی پێك هێناوه و دوو كوڕیان به‌ناوی قوباد و پاڤێڵ هه‌ن.