زانیاری لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی عەبدوڵا كوێخا موبارەك

:: PM:07:50:02/10/2022 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی تر، هێرش كرایە سەر ماڵی عەبدوڵا كوێخا موبارەك، كەسایەتی دیاری كوردستان.

سەرچاوەیەكی نزیك لە عەبدوڵا كوێخا موبارەك، بە "وشە"ی راگەیاند، دوو درۆن لەسەر ماڵی عەبدوڵا كوێخا موبارەك سووڕاونەتەوە، دواتر بە فیشەك هەوڵی دوورخستنەوەیان دراوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەو دوو درۆنە دوو مووشەكیان ئاراستەی ماڵی فەرماندە مەحموود كوێخا موبارەك كردووە كە ماڵەكەی لە بانی مەقانە لە سنووری چەمچەماڵ. 

هەفتەی رابردوو، جارێكی تر بە مووشەك هێرشكرایە سەر ماڵی عەبدوڵا كوێخا موبارەك، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو. 

عەبدوڵا كوێخا موبارەك، كەسایەتییەكی دیاری سیاسیی كۆمەڵایەتییە و پێش چەند رۆژێكیش لە باخەكەیدا كاتیۆشایەك كەوتە خوارەوە، بەڵام نەتەقییەوە، هەر پێرێ لەو سنوورە هێرش كرایە سەر ماڵی حەمە رێگر فەرماندەی سوپا، بەڵام لەماڵەوە نەبوون و هیچ زیانێكی نەبوو.

كردنەئامانجی ئەم كەسایەتییانە لە سنووری ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانیی، رووداوێكی گوماناوییە و تا ئێستەیش دەزگا فەرمییەكان هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان رانەگەیاندووە، ئەوە دوای ئەو هێرشانە هات كە هەفتەی رابردوو ئێران بە درۆن و كاتیۆشا كردیە سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان.



وشە - وشه‌