سبەی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیار لەبارەی بزووتنەوەی نوێی ئیسلامی دەدات

:: PM:08:47:02/10/2022 ‌

ئەمڕۆ كامیل حاجی عەلی خۆی وەك رابەری نوێ بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان/ عێراق ناساند، ئەمەیش لای عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری ئێستەی بزووتنەوەی ئیسلامی وەك كودەتا لێك درایەوە، بۆیە بڕیارە بەیانی ئەنجوومەنی شورای بزووتنەكە كۆ ببێتەوە و وەڵامێكی توند رابگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەكانیی دەست "وشە"، كەوتووە، بڕیارە بەیانی دووشەم عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری ئێستەی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەنجوومەنی شورای حزبەكەی كۆ بكاتەوە وەڵامێكی توندی كامیل حاجی عەلی و لایەنگرانی بداتەوە، كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایان گەیاند لەمڕۆوە عیرفان عەبدولعەزیز تەنیا ئەندامێكی بزووتنەوەییە.
نابێت هیچ كەس بە ناو و دروشم و ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامی كار بكات
سەرچاوەیەكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامیش ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەیەكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بەڕێوە دەچێت و وەڵامی ئەو جەماعەتە دەدەینەوە.

روونی كردەوە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شورا بڕیار دەدات ئەوانەی ئەمڕۆ بەناوی بزووتنەوە قسەیان كرد، ئاخۆ فەسڵ دەكرێن و بە تەواوەتی لە بزووتنەوەی ئیسلامی دەربكرێن، بۆیە بەیانی بڕیار دەدەین، كە نابێت هیچ كەس بە ناو و دروشم و ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامی كار بكات، دووپاتی كردەوە، بەیانی تەواوی كێشەكان یەكلا دەكەینەوە.

بەرپرسە باڵاكەی نزیك لە عیرفان عەبدولعەزیز ئاماژەی كرد، ئەوانەی ئەمڕۆ دەركەوتن، تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی هەڵبژاردبوو یان كەسانێكی تیادابوو 10 بۆ 15 دەنگێكیان هێنا بوو، نموونەیش محەمەد بازیانی لەناو ئەوكەسانە بوو لەگەڵ كامیل حاجی عەلی دەركەوت، كە هەر بزووتنەوە نەبووە و چەندان ساڵە دوور كەوتووەتەوە رەوتێكی تری هەبوو.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل