كێشەی بانكەكان گەیشتە راپەڕین.. چەند مانگێكە مووچەی كرێكاران نەدراوە

:: PM:09:18:02/10/2022 ‌

ماوەی چوار مانگە كرێكارانی نەخۆشخانەكانی راپەڕین مووچەیان وەرنەگرتووە، سێ مانگیشە كرێكارانی پاككەرەوەی بازاڕ و گەڕەك و كۆڵانەكانی ئیدارەكە بێ مووچەن، بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، مانگانە پارەمان بۆ كۆمپانیاكە خەرج كردووە بۆ ئەوەی مووچەی كرێكارانی نەخۆشخانەكان بدات.

كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كرێكارانی نەخۆشخانەكانی ئیدارەی راپەڕین، كە بە پارەیەكی كەمەوە خزمەتی نەخۆش و بینا و بنكە و مەڵبەندەكانی تەندروستی لە سنوورەكە دەكەن، ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و رووبەڕووی كێشەی دارایی بوونەتەوە.

هەروەها گوتی، جگە لەوان، كرێكارانی ژینگەپارێزی سنوورەكەیش ماوەی سێ مانگە ئەوانیش مووچەیان وەرنەگرتووە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیاكە دەڵێت، لە بانكەوە پارەیان بۆ خەرج ناكرێت.

لای خۆیەوە د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە هەموو مانگێك بەپێی ئەو پارەی لەبەردەستدا بووە، پارەمان بۆ كۆمپانیای پاككەرەوەی نەخۆشخانەكان خەرج كردووە، بەڵام تەواوی ئەو پارە نەبووە كە ئەوان پێویستیانە.

روونی كردەوە، كۆمپانیاكە هەموو مانگێك پێویستی بە 100 بۆ 110 ملیۆن دینارە بۆ مووچەی هەموو كرێكارانی پاككەرەوەی نەخۆشخانەكان، ئێمە توانیومانە نیوەی ئەو پارەیان پێ بدەین، ئێستە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی گرفتەكە چارەسەر بكەین، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە پێوەندیداین لەسەر ئەو بابەتە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی گرفتی پارە و مووچە دروست بوو بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكاندا، كاتێك بەو هۆیەوە چەندان مانگ مووچەی فەرمانبەران دواكەوت، هاوكات مووچەی كرێكارانی پاككەرەوەی كۆڵان و گەڕەكەكان و مووچەی پاككەرەوەكانی نەخۆشخانەكانیش نەدرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل