خۆپێشاندان له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه و زانكۆكان له خۆپێشاندانه‌كاندا رۆڵی كارایان گێڕاوه، بۆیه بوونه‌ته ئامانجی سه‌ركوتكردن. له زانكۆی شه‌ریفی تاران خۆپێشاندانێكی گه‌وره رووی داوه، به‌ڵام هێزه‌كانی سه‌ركوتكه‌ر ته‌قه‌یان له خوێندكارانی زانكۆ كردووه و باس له برینداربوونی ده‌یان كه‌س ده‌كرێت.
شه‌وی رابردوو له زۆربه‌ی پارێزگاكانی ئێران خۆپێشاندان رووی داوه و له هه‌ندێك شوێن هه‌وڵ دراوه خۆپێشاندانه‌كان به زه‌بری چه‌ك سه‌ركوت بكرێن، بۆیه خه‌ڵك له هێزه‌كانی پۆلیس تووڕه بوون و ده‌ستیان كردووه‌ته‌وه. گه‌وره‌ترین توندوتیژی له زانكۆی شه‌ریفی تاران رووی داوه.
شایه‌تحاڵه‌كانی هێرشی پۆلیس بۆ سه‌ر زانكۆی شه‌ریف باسیان له‌وه كردووه، هێزه‌كانی رژێم هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خوێندكاران و وێڕای ئه‌شكه‌نجه‌دان و برینداركردنیان، ژماره‌یه‌كی زۆریشیان لێ گرتوون و بۆ شوێنێكی نادیاریان گواستوونه‌ته‌وه.
هیچ خوێندكارێك نه‌كوژراوه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆریان بریندارن
سه‌رچاوه‌یه‌ك له زانكۆی شه‌ریف به ماڵپه‌ڕی ئێران وایری گوتووه، تا ئێسته هیچ خوێندكارێك نه‌كوژراوه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆریان بریندارن و برینداره‌كانیش بۆ نه‌خۆشخانه نه‌گواستراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو بۆ ماڵان گواستراونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش له ترسی ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه پۆلیس بیانگرێت و بۆ گرتووخانه بیانگوازێته‌وه.
شه‌و كاتێك خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری زانكۆی شه‌ریف زانیویانه كه هێزه‌كانی پۆلیس هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر زانكۆكه، به ئۆتۆمبێل ده‌وروبه‌ری زانكۆكه‌یان قه‌ره‌باڵغ كردووه و به دروشم و هۆڕنی ئۆتۆمبێل، ویستوویانه رێگری له سه‌ركوتكارییه‌كانی رژێم بكه‌ن.
خوێندكاران به ناردنی په‌یام و ئاگاداركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك داوایان كردبوو، ئه‌گه‌ر رێ له هێزه‌كانی پۆلیس نه‌گیرێت، ئه‌وا له زانكۆكه كاره‌ساتێكی گه‌وره روو ده‌دات و ده‌یان كه‌س ده‌كوژرێن. ناڕه‌زاییه‌كانی جه‌ماوه‌ر له‌م رووداوه رێگر بووه له‌وه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره روو بدات.
به‌رپرسانی زانكۆی شه‌ریف ئه‌مڕۆ دووشه‌م به فه‌رمی رایان گه‌یاند، زانكۆكه به ته‌واوی داخراوه و ته‌نیا به‌شێوه‌ی ئۆنلاین وانه‌كان ده‌خوێنرێن، داوا له خوێندكاران كراوه له زانكۆ دوور بكه‌ونه‌وه.
یه‌كێك له خوێندكارانی زانكۆ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئێواره هێرشه‌كه به هاتنی هه‌ندێك هێزی پۆلیس و ته‌ناهی ده‌ستی پێ كرد كه جلكی مه‌ده‌نییان پۆشیبوو، دواتر له ناو زانكۆكه ته‌قه‌یان له كتێبخانه كرد و هه‌ر له ناو كتێبخانه‌كه ده‌یان خوێندكار بریندار بوون، به‌چاوی خۆی بینیویه‌تی كه فیشه‌كی ساچمه‌یی به چاوی یه‌كێك له قوتابییه‌كان كه‌وتووه و خوێنی لێ هاتووه.
مامۆستایانی زانكۆ بۆ به‌رگریكردن له خوێندكاران، رۆڵی باشیان هه‌بووه و به‌شێكیان پێشیان به هێزه ته‌ناهییه‌كان گرتووه، هێزه ته‌ناهییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی پلانداڕێژراو، ویستوویانه بچنه ناو زانكۆكه و ژماره‌یه‌ك له خوێندكاره چالاكه‌كان بگرن كه له خۆپێشاندانه‌كاندا رۆڵیان هه‌بووه.
له شاره جیاجیاكانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خۆپێشانده‌ران رووبه‌ڕووی پۆلیس بوونه‌ته‌وه
جگه له زانكۆی شه‌ریف، له ده‌یان زانكۆی تریش خۆپێشاندان و بایكۆت درێژه‌ی هه‌یه و له شاره جیاجیاكانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خۆپێشانده‌ران رووبه‌ڕووی پۆلیس بوونه‌ته‌وه و شه‌وی رابردوو له مه‌ریوانیش فه‌رمانده‌یه‌كی پۆلیس كوژرا.
ژینا "مه‌هسا" ئه‌مینی كه خه‌ڵكی سه‌قز بوو، له 13ی ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ براكه‌ی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گیران به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه.
رۆژی شه‌موو 17ی مانگ به به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی سه‌قز، ته‌رمی ژینا به‌خاك سپێرا. رۆژی دووشه‌م 19ی مانگ مانگرتنی گشتی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو و له یه‌كی تشرینی یه‌كه‌میش دوای كه‌متر له دوو هه‌فته، دووه‌م گه‌وره‌ترین مانگرتنی گشتی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، تا ئه‌م ساته‌ش خۆپێشاندان له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران درێژه‌ی هه‌یه.