له‌ سبه‌ینێوه‌ خۆڵبارین ده‌ست پێ ده‌كات

:: AM:10:49:03/10/2022 ‌
ده‌سته‌ی كه‌شناسیی عێراقی ڕای گه‌یاندووه‌، له‌ سبه‌ینێوه‌ خۆڵبارین ده‌ست پێ ده‌كات و به‌شێكی زۆری ئاسمانی وڵاته‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، هاوكات به‌رزترین پله‌ی گه‌رما ئه‌مڕۆ له‌ به‌سره‌ و میسان به‌ 42 پله‌ تۆمار ده‌كرێت.

شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش دەگرێته‌وه‌
ئه‌مڕۆ دووشه‌م سێی تشرینی یه‌كه‌م، ده‌سته‌ی كه‌شناسیی عێراقی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "پله‌كانی گه‌رما بۆ ئه‌مڕۆ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك 37 پله‌ و سلێمانی 38 پله‌ و له‌ به‌غدایش 39 پله‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌ كه‌ركووك و مووسڵ و سه‌ڵاحه‌دین 40 پله‌ی سلیزی تۆمار ده‌كرێت."

له‌باره‌ی به‌رزترین پله‌ی گه‌رماوه‌ ئاشكرا كراوه‌، شاره‌كانی به‌سره‌ و میسان به‌ 42 پله‌ و موسه‌نا و ناسرییه‌ به‌ 41 پله‌ ده‌بێت. ئه‌وه‌یش ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بوونی بایه‌كی توند له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه‌، له‌ سبه‌ینێوه‌ خۆڵبارین ئاسمانی وڵاته‌ ده‌ته‌نێت و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش.

شایانی باسه‌ ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی هاوین و پایزدا، چه‌ندان جار ئاسمانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان تۆزاوی و خۆڵبارین ده‌بێت و زیانێكی زۆر به‌ كه‌شوهه‌وا و كشتوكاڵ و خاكه‌كه‌ی ده‌گات، هۆكاری ئه‌م خۆڵبارینه‌ زۆره‌یش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ كه‌شوهه‌وای دنیادا ڕووی داوه‌، له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقیش زۆربه‌ی خاكه‌كه‌یان بووه‌ته‌ بیابان.


وشە - محەمەد میران