چوارشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق لەناو رێوشوێنی توندی تەناهی كۆ بووەوە، دانیشتنەكە بە سێ كاتیۆشا، كە دەوروبەری پەرلەمانیان كردە ئامانج، كۆتایی هات، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانیشتنی تر ساز بكرێت، ئەمڕۆ سەدر لە یەكەم تویتی لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق رای گەیاند، دەوڵەتێكی پیرۆزی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی خەریكە رووناكییەكەی بەدیار دەكەوێت.
غەریب عەسكەر، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی یاساكان و دەنگدان لەسەریان دەست پێ دەكاتەوە، سەبارەت بە دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆماریش وادەی دیار نییە.
سەدر: دەوڵەتێكی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی خەریكە رووناكییەكەی بە دیار دەكەوێت
ئێستە گرێ كوێرەی بەردەم پەرەسەندنی سیاسی لە عێراق بریتییە لە دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كە ئەو دوو بابەتە پێوەستن بە هەردوو ماڵی كورد و شیعە، تا ئێستە لەناو ماڵی كورد كێشە و ناكۆكی لەبارەی كاندیدی سەركۆمارەوە هەیە، بە رووكەش پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی خۆیان سوورن، هاوكات نایانەوێ بە دوو كاندیدی بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، واتە دەیانەوێ رێك بكەون، خواستی هەردوولا دیارە، بەڵام دیار نییە كەی و لەسەر چ رێك دەكەون.
ئێستە پارتی و یەكێتی گرەو لەسەر كات دەكەن بۆ وەرگرتنی سازش لە یەكتر، چەندان ناوەندگیری لە نێوانیان هەبوو، لەوانە فەرماندەی فەیلەقی قودس و هاندانی دەرەكیی وڵاتان، تا ئێستە بە رێككەوتن نەگەیشتوون، بەڵام هەردوولا سوورن لەسەر رێككەوتن، لەو دۆسیانەی مایەی بینە و بەردەیە لە نێوانیان، هەڵبژاردنی ناوخۆی كوردستان و یاسای هەڵبژاردن دۆسیەی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانیتری هەرێم، بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە و پارەی تەرخانكراو بۆ پارێزگای سلێمانی و هیتریش.
بەپێی سەرچاوەكان یەكێتی لە رێگەی سووربوونی لەسەر بەرهەم ساڵح، دەیەوێ دەسكەوتی سیاسی و دیارایی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی سەركۆماری عێراق بەدەست بێنێت، بۆ ئەو مەبەستەیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی دەكات و گوشار دەخاتە سەر كورد، بەتایبەتی پارتی بۆ پەلەكردن لە رێككەوتن، دوایین جاریش ماوەی هەفتەیەكیان بۆ دیاری كردن بۆ گەیشتن بە كاندیدی هاوبەش، ئەگەرنا لەناو پەرلەمان یەكلای دەكەنەوە و لەناو 33 كاندیدی سەركۆمار، لەوانە هی پارتی و یەكێتی، كەسێك بۆ پۆستەكە دیاری دەكەن.
محەمەد سەیهوود، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئێستە ناكۆكییەكانی كورد لەسەر پۆستی سەركۆمار بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، چونكە بەپێی دەستوور دیاریكردنی سەركۆمار مەرجی سەرەكییە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كە تا ئێستە هیچ پێشوەچوونێك لە گفتوگۆی ئەواندا نییە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە چوارچێوە ماوەی هەفتەیەك بواری بە پارتی و یەكێتی داوە، كە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆتایی دێت، بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەركۆمار، ئەگینا پەرلەمان دانیشتنی تایبەت بەو پرسە ساز دەكات و هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت، تا ئێستە لەگەڵ یەكێتی لەبارەی كاندیدی سەركۆمار بە رێككەوتن نەگەیشتووین، ئێمە دەستمان بە كاندیدی خۆمانەوە گرتووە، پارتی نایەوێ هێزە كوردییەكان بە زیاتر لە كاندیدێك بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵكو لەگەڵ رێككەوتنە، بۆیە بەشداری لە دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەین بێ رێككەوتن لەسەر یەك كاندید.
ماهیر عەبد جۆدە، شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، دواكەوتنی پێكهاتنی حكوومەتی نوێ پێوەست نییە بە ناكۆكیی كورد لەسەر كاندیدی سەركۆمارەوە، بەڵكو بەربەستی سەرەكی ناكۆكییە لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر شێوەی حكوومەت و كێ سەرۆكایەتی دەكات.
روونی كردەوە، تەنانەت ئەگەر كوریش لەسەر كاندیدێك رێك بكەون، پەرلەمان ناتوانێت دانیشتنی پێكهێنانی حكوومەت ساز بكات، تەنیا لە دوای رەزامەندی رەوتی سەدر نەبێت، بۆیە هەر جموجۆڵێك بێ رەزامەندی سەدرییەكان ناڕەزایەتی جەماوەری شەقام دەرووژێنێت، بۆیە تا ئەو ساتە هیچ نیشانەیەكی پێكهێنانی حكوومەت لە قۆناغی داهاتوو نییە، بەتایبەتی لەدوای رەتكردنەوەی موقتەدا سەدر بۆ هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی شیعە، ئەوەیش بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە یەكەم پۆستی سەبابەرت بە دۆخی سیاسی عێراق، لە دوای وازهێنانی لە سیاسەت و چلەی ئیمام حوسێنەوە، رای گەیاند كە رۆژی راستەقینەی نیشتمانی عێراق، ئەو رۆژەیە لە گەندەڵی و گەندەڵكاران رزگای دەبێت، رۆژی چاكسازی راستەقینە دوور لە پاشكۆیی و بەشبەشێنە و تاقیكراوە و گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەكی و میلیشیاكان، دەوڵەتێكی پیرۆزی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی خەریكە رووناكییەكەی بە دیار دەكەوێت.
لای خۆیەوە عەبدولكەریم محەمەداوی، پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی رەوتی سەدر لە پۆستێك دەڵێت، دانیشتنی هەڵبژاردنی سەركۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران یەكلا كەرەوە دەبێت، دەبێتە دوایین رووبەڕووبوونەوە، تیایدا تا هەتایە تۆماری سازان و بەشبەشێنە دادەخەین.