ناتۆ وریایی دەدات.. گەورەترین ژێردەریایی ئەتۆمی رووسیا ئامادەیە

:: PM:06:08:03/10/2022 ‌

پوتین دەیەوێ جەنگی ئۆكراینا بە مەرجەكانی خۆی وەك سەركەوتوو كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام بەرانبەرەكەی تەنیا ئۆكراینایەكی لاواز نییە، بەڵكو ئەمەریكا و رۆژئاوا و تەواوی هاوپەیمانی ناتۆیە، میدیاكانی ئیتاڵیا دەڵێن، ناتۆ ئەندامانی وریا كردووەتەوە بەوەی رووسیا كەشتییەكی گەورەی ژێردەریایی ئەتۆمی ئامادە كردووە.

كەشتی ژێردەریایی "بیلگۆرۆد"، یان ناسراو بە "ژێردەریایی رۆژی قیامەت"، كە یەكێكە لە گەورەترین ژێردەرەییەكان لە دنیا، لە بنكەی سەرەكی خۆی لە جەمسەری باكور ون بووە، ئەوەیش مانای ئەوەیە كە ئەگەری هەیە بەڕێگەوە بێت بەرەو دەریای كارا بۆ تاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی "بۆسیدۆن"، وەك لە وریاكردنەوەیەكی نهێنی ناتۆ بۆ ئەندامانی لە كۆتای هەفتەی رابردوو هاتووە و دزی كردووەتە ناو میدیاكانی ئیتاڵیا.
ئەوەندە تەقەمەمەنییەی هەڵگرتووە توانای دروستكردنی تسۆنامییەكی ئەتۆمی هەیە
رۆژنامەی "دەیلی میڵ"ی بەریتانی دەڵێت، ناتۆ ئەندامانی وریا كردەوەتەوە بەوەی ژێردەریاییەكە ون بووە، بەڵام پێشبینی هەیە بەوەی تا ئێستەیش لە جەمسەری باكور بێت، ئەگەرچی دیار نییە ناتۆ كەی ئەندامانی لەو هەنگاوەی رووسیا وریا كردووەتەوە، بەڵام رۆژنامەی "لا ریبۆ بلیكا"ی ئیتاڵی یەكشەمی رابردوو باسی كردووە.

ئەو ژێردەریاییە ئەتۆمییە، ئەوەندە چەكەی هەڵگرتووە توانای دروستكردنی تسۆنامییەكی ئەتۆمی هەیە كە شارە كەناراویەیكان دەخاتە ژێر ئاوەوە، دەتوانێت شەش تۆربیدی ئەتۆمی لە جۆری "بۆسیدۆن"، هەڵبگرێت، كە مووشەكی ئەتۆمین و قەبارەی هەریەكەیان بەقەد پاسێكی گواستنەوەی قوتابیانە.

ئەو تۆربیدە دەتوانێت دووری 9650 كیلۆمەتر لەژێر دەریا ببڕێت، كڵاوەیەكی ئەتۆمی هەڵگرتووە بە هێزەكەی دوو مێگا تۆنە، واتە 130 جار هێندەی بۆمبەكەی هەڵدرایە سەر هیرۆشیما بەهێزترە و تسۆنامییەكی بە بەرزی 487 مەتر دروست دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل