ئێران.. ئاڵۆزی و مانگرتن دەگاتە گرتووخانەكان

:: PM:07:20:03/10/2022 ‌

 


سێ هەفتەیە ئێران گڕی گرتووە و كەوتووەتە ناو ناڕەزایەتییەكی فرەوانی جەماوەرییەوە، بڵێسەی ئەو ناڕەزایەتییە بە گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، ئەو كچە كوردەی لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئێران لە تاران گیراو و گیانی لەدەست دا، ئەمڕۆ دووشەم ناڕەزایەتی و مانگرتن گەیشتە ناو گرتووخانەیەكی ژنان.
داوا دەكرێت سبەی لەو قوتابخانەكان مانگرتن بێت و قوتابیان نەچنە پۆلەكانەوە
بەپێی میدیاكانی ئێرانی نزیك لە باڵی چاكسازیخوازان، ناڕەزایەتی كەوتووەتە ناو گرتووخانەی ئیڤین لە باكوری تارانی پایەتەخت، یەكێكە لە گرنگترین گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە و گیراوان دەستیان بە مانگرتن كرد، ئەوەیش لە سێیەم هەفتەی ناڕەزایەتییە فرەوانەكەی ئێران كە لە دوای گیانلەدەستدانی ژیناوە سەری هەڵدا. 

ماڵپەڕی "سەحام نیوز"، رای گەیاند، ئەمڕۆ دووشەم بەشی ژنانی گرتووخانەی ئیڤین، لەلایەن گیراوانەوە مانگرتن و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، ئەوەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران كە زۆر ناوچەی گرتووەتەوە، گیراوان لە بەیاننامەیەكدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەكانی بەهۆی كاری كوشتن و توندوتیژی و گرتن و ئازاردانی خۆپێشاندەران و ئەو ناڕەزایەتییەی لە شەقامەكان هەیە، دەربڕی.

لەلایەكی تر ئەمڕۆ دووشەم ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەكان بەردەوام بوون، بەشداران ئاستی داواكاریان بەرز كردەوە و داوای رووخانی رژێكی ئێرانیان كرد، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پەروەردەكاران بەیاننامەیەكیان دەركرد و داوایان لە مامۆستا و قوتابیان كرد كە پاڵپشتی خۆیان لە خۆپێشاندەران لە رێگەی مانگرتن لەناو قوتابخانەكان و رەتكردنەوەی چوونە ناو پۆلەكان سبەی سێشەم دەرببڕن، جیا لەوە ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیكاری رێكخراوە سەندیكاییەكان، داوای لە جووتیاران و سوپا و هێزەكانی سەپاندنی یاسا كرد بێنە ریزی خۆپێشاندەرانەوە.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل