هەوڵی گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ پەرلەمان دەدرێت

:: PM:07:44:03/10/2022 ‌

نزیكەی ساڵێكە هەڵبژاردنی عێراق كراوە و تا ئێستە حكوومەتی نوێ پێك نەهاتووە، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە تا ئێستە ململانێیەكی سەخت لەناو ماڵی شیعەدا هەیە و پێ ناچێت بەم نزیكانە یەكلا ببێتەوە، دوای بینە و بەردەیەكی زۆر، دەركەوت هیچ هەنگاوێك بێ رازیكردنی موقتەدا سەدر نانرێت، نزیكترین چارەسەریش رازیكردنی و رێككەوتنە لەسەر حكوومەتێكی بێلایەن و سازكردنی هەڵبژاردنێكی نوێیە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستەی سیاسی رەوتی سەدر و كەسایەتییە باڵادەستەكان تیایدا، ئەگەری گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ پەرلەمان و پاشگەزبوونەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی بۆ پەرلەمان هەیە، بەپێی سەرچاوەكان، ئێستە جموجۆڵێكی راوێژكاریی رەوتی سەدر هەیە بۆ گەڕانەوە، لە رێگەی بڕیارێكی دادگەی فیدراڵ، ئەوە ئەگەر پەرلەمانتارانی سەدر ئەو داوایە بخەنە بەردەم دادگەی فیدراڵەوە.
دۆخەكە چاوەڕوانی بڕیارێكی سەدر دەكات
بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە رەوتەكە، ئەو بیرۆكەیە لەناو پەرلەمانتاران و سیاسەتوانانی رەوتەكە گەڵاڵە بووە، بەڵام چاوەڕوانی رەزامەندیی موقتەدا سەدر دەكەن، بۆ دەست پێكردنی هەوڵەكان بە كردەنی لە رێگەی دادگەكەوە، ئەوەیش لە سۆنگەی ئەوەی ناڕەزایەتییەكی ژێراوژێر بە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكە هەبووە، ئەو هەنگاوەیش دەسەڵاتی زیاتری بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیاریان داوە و لە دۆڕاو و كەمینە ئەوانی كردووە بە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی.

سەرچاوەكان پێشبینی ئەوە دەكەن ئەو هەنگاوە لەلایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی بكرێت، لەوانەیش لەلایەن بەشێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەو پێیەی مانەوەی سەدریەكان لە دەرەوەی پەرلەمان، مەترسیدارە و هەڕەشەیەكی راستەقینەیە بۆ سەر هەر حكوومەتێك، ئەگەری هەڵكوتانی لایەنگرانی سەدرە بۆ سەر ناوچەی سەوز جارێكی تر و پەككخستنەوەی پەرلەمان و حكوومەت، جیا لە بوونی خواستێكی ئێران بۆ نزیكبوونەوە لە سەدر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل